گەرداوەکەی شەکسپیر و بووکەڵەکانی “ئۆسکارشۆن“
دانا رەئووف
- شانۆکار، دراماتۆرگ، نووسەر و توێژەری بواری شانۆ/ سويد
دەکرێت، دەقێکی دەوڵەمەندی وەک “گەرداوەکە“ی شەکسپیر، تەنیا بە سێ ئەکتەر و حەوت بووکەڵە پێشکەش بکرێت؟ ئایا شەکسپیر، جگە لە دەقە شانۆییەکانی ئەو ڕۆڵەی بینیووە، کە دەرگایەکی تری بەڕووی هونەری شانۆدا کردبێتەوە؟ بە درێژایی مێژوو دەرهێنەرەکانی شانۆ چی لە دەقەکانی شەکسپیرەوە فێربوون؟ دەکرێت وەڵامی بەشێک لەم پرسیارانە لە نمایشی “گەرداوەکە“ی شەکسپیردا، کە ئێستا لەسەر شانۆی “ئۆریون“لە ستۆکهۆڵم پێشکەش دەکرێت، دەست بکەوێت.
شانۆ یەکێکە لەو ئامڕازە گرینگانەی، کە وەک ئەفسوون وایە و دەکرێت هەموو شتێک لە شانۆدا ڕووبدات و هەموو شوێنێک: چیایەکی بەرز، دارستانێکی چر و جەنگەڵئاسا، دەریایەکی بێ سنوور، زریان و دۆزەخێکی ترسناک، جەنگێکی خوێناوی، ئاهەنگێکی میللی پڕ لە هەرا و زەنا لە پانتاییەکانی شانۆیەکدا جێگایان ببێتەوە و بەرجەستە بکرێن. لای شەکسپیر، شوێن و کات هەمیشە لە جێگۆرکێدایە و لە چاوتروکانێکدا لە دارستانێکەوە دەچینە دەریایەکەوە… هتد. هیچ شوێنێک وەک شانۆ ڕاستی و واقیع و ئەندێشە و فەنتازیای تێکەڵاو نەکردووە، دووبارە شەکسپیر، لەم ڕووەوە ئەو شانۆنامەنووسە بووە، کە توانیویەتی واقیع و ئەندێشە، خەون و خەیاڵ، کۆمیدیا و تراجیدی، مێژوو و ئێستا لە فۆرمێکی ساکاردا تێکەڵاو بکات. ئەم توانایە، کەرەسەیەکی دهوڵهمهندی بۆ شانۆ و شانۆکارانیش دروست کردووە. “پیتەر بروک“پانتاییە بۆشەکەی، کە بووە تەکنیک و دیدێکی ئێستاتیکی، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەکسپیر. هەر ئەم توانا ئەفسوونییەی شەکسپیر ئەو وزە گەورەیەی بە دەرهێنەری سویدی “پێتەر ئۆسکارشۆن” بەخشیووە، کە دەقێکی دەوڵەمەندی وەک “گەرداوەکە” یاوەخود“زریان” لە پانتاییەکی دیاریکراوی بۆشدا، بە سێ ئەکتەر و حەوت بووکەڵە پێشکەش بکات.
ئەم دەرهێنەرە شانۆکەی کردووە بە دوورگەیەک، کە ئەمڕۆ و ١٦٠٠ەکانی سەردەمی شەکسپیر و تەنانەت ئیتالیايش پێکەوە دەبەستێتەوە و بینەریش دەکات بە بەشێک لەو دوورگەیە؛ لە گەشتی کەشتیيەکەی شەکسپیر، لە گەمەیەکی شانۆیی پڕ لە چێژدا، کە ئێستا و ڕابردوو، واقیع و ئەندێشە، خەون و فەنتازیا پێکەوە دەبەستێتەوە.
ڕووداوەکانی “گەرداوەکە” باسی “پرۆسپێرۆ“ی شازادەی میلانۆ دهکهن، کە دوورخراوەتەوە؛“پرۆسپێرۆ” لەگەڵ “میراندا“ی کچی، لەلایەن “ئەنتۆنیۆ“ی برایەوە و بەیارمەتی پادشای نیاپڵ، لە دوورگەیەکی تەریک و گۆشەگیردا دەستبەسەر کراوە. “پرۆسپێرۆ” لەم دوورگەیەدا هێز و وزە ئەفسوونییەکانی خۆی بەکار دەهێنێت، بۆ نموونە “کالیبان“ی کوڕی “سیکوراس“ی جادووگەر دەکاتە کۆیلەی خۆی، بۆ ئەمەیش “ئاریل” دەکاتە یاریدەدەریی. ئەم شازادەیە دەشیەوێت بە یارمەتی گیانێکی پیرۆز و یەکێکی بەد تۆڵە بسێنێتەوە. کە پاپۆڕەکەی دوژمنیش لەم دوورگەیە نزیک دەبێتەوە، ئەوە “پرۆسپێرۆ” گەرداو و زریانێکی گەورە دەخولقێنێت و پاپۆرەکە بەتەواوی تێک دەشکێنێت و سەرنشینەکانی ئەو پاپۆڕە تێکشکاوە، بەناو ئەو دوورگەیەدا بڵاو دەبنەوە.سەرەتا دەبنە قوربانی حەزی تۆڵەسەندنەوەی“پرۆسپێرۆ“.
شەکسپیر دوورگەیەکی میتۆلۆژی بە گەمەیەکی شانۆیی خوڵقاندووە، کە لە واقیعدا بوونی نییە. “گەرداوەکە” وەک دەقەکانی تری شەکسپیر، بۆ نموونە هاملێت، ماکبێس، لیری پادشا بە مردنی کارەکتەرەکانی کۆتایی نایەت و سەر تەختەی شانۆ پر ناکات بە لاشەی مردووی کارەکتەرەکانی، بەڵکوو بە ئاشتبوونەوە و لێبووردەیی و ئاشتی کۆتایی دێت. “پرۆسپێرۆ“لە براکەی خۆش دەبێت و “میراندا“ی کچی لە “فیردیناڵ“، کە کوڕی دوژمنەکەیەتی مارە دەکات و لە “کالیبان“یش خۆش دەبێ، کە هەوڵی هەڵگەڕانەوەی دابوو. “ئاریل“یش ئازاد دەکات، هەر بە هاریکاری “ئاریل” بە هێزی دارە ئەفسوونییەکەی گەمەیەکی دەمامک ساز دەکات و بۆ ئاهەنگەکەیان خواوەندەکان/تارماییەکان: یونی، ئیریس، سێرمس لەگەڵ جووتیارەکان، ئەو فیگورە ئەفسانییانەی لە شێوەی ژندان دەردەکەون، ئاهەنگ دەگێڕن. “پرۆسپێرۆ” دەیەوێت بە دارە ئەفسوونییەکەی بەها بۆ دنیا بگێڕێتەوە، بەڵام لە کۆتایدا پشت دەکاتە هێزە ئەفسووناوییەکەی خۆی، دارە ئەفسووناوییەکەی دەستی دەشکینێت و دەگەڕێتەوە بۆ میلانۆ.
ئەم دوا دەقەی شەکسپیر، بە بەراورد بە دەقەکانی تری نهێنیئامێزە؛ ئایا ئەم چیرۆکە سەرگوزشتەیەکە سەبارەت بە واقیع/ئەندێشە، یاوەخود سەبارەت بە جیهانێکە مرۆڤ بە ئاشتی بژی، یان ماڵئاوایی کردنی شەکسپیر خۆیەتی لە هونەری شانۆ و دواتریش لە دنیا.
“گەرداوەکە” بەپێی سەرچاوەکان، دوا شانۆنامەی شەکسپیرە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٦١١دا لە کۆشکی شاهانە لە لەندەن نمایش کراوە. دەقەکە میتافۆرێکە بۆ وێناکردنی ئەندێشە و توانا و ئەگەرەکانی ئەندێشە لە خوڵقاندنی دنیایەکی جیاوازتردا لە دەرەوەی واقیعەوە. دەکرێت، بێ هیچ دوودڵییەک بڵێین ئەم دوا دەقەی شەکسپیر، خەونەنمایشێکە لە خوڵقاندنی هێز و وزە لەدوانەهاتووەکانی دنیایەکی یۆتۆپیدا.
“پێتەر ئۆسکارشۆن” وەک دەرهێنەرێکی بە ئەزموون، سەرلەنوێ دەگەڕێتەوە بۆ سەر شەکسپیر و شانۆنامەی “گەرداوەکە“، کە چواردە کارەکتەر لەخۆ دەگرێت، تەنیا بە سێ ئەکتەر و حەوت بووکەڵە پێشکەش دەکات. ئەم سێ ئەکتەرە، کە یەکێکیان “ئۆسکارشۆن“خۆیەتی، جگە لەوەی بووکەڵەکان هەڵدەسوڕێنن و ڕۆڵی ئەو بووکەڵانە دەبینن، خۆشیان چەندین ڕۆڵ دەبینن و لەنێو کارەکتەرەکانی دەقەکەدا، زۆر لێزانانە دێن و دەچن. “ئۆسکارشۆن“، کە خۆی ڕۆڵی “پرۆسپێرۆ” دەبینێت، مایسترۆی نمایشەکەیە، لە گەمەیەکی شانۆی ناو شانۆدا، لە بەرچاوی بینەرانەوە کاری دەرهێنانی خۆی دەکات، کە خۆی بەشێکە لە دیمەن و نمایشەکە. “ئۆسکارشۆن” چەندان ساڵە، بەشێوەیەکی کردەیی و لە پرۆسەیەکی بەردەوامی شانۆیدا، لە فۆرمەکانی ڕیتواڵی شانۆی میللی، لە برێشت، لە فۆرم و ستایلەکانی شانۆی دێرینی هیندی و چینی دەکۆڵێتەوە و لە نمایشەکانیدا سوودیان لێ وەردەگرێ و بەکاریان دەهێنێت.
لەبەر ئەوەی دەقەکەی شەکسپیر دەوڵەمەندە و ئەگەری خوێندنەوەی زۆر و جیاواز لەخۆ دەگرێت، زۆرجار لە کۆنتێکستێکی سیاسییەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بۆ نموونە کۆلۆنیالیزم و پۆست کۆلۆنیالیزم و گەمە و ململانێی دەسەڵات.لەم خوێندنەوانەدا کارەکتەری “پرۆسپێرۆ“بووەتە کەسایەتییەکی دیکتاتۆر، بەڵام لەم نمایشەی شانۆی “ئۆریون“دا ئەو مەودا و هێڵە سیاسییەی وەرنەگرتووە، بەڵکوو فەنتازیا و گەمەی شانۆ و شانۆی بووکەڵە، دەمانگەڕێنێتەوە بۆ دنیایەکی یۆتۆپی.
دوو ئەکتەری ژن، کە لەم نمایشەدا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە و بەرجەستەی هەموو کارەکتەرەکان دەکەن، بە گۆڕانکارییەکی تەواوی تۆنی دەنگەوە، گیان دەکەن بە بەری بووکەڵەکانیشدا. هەندێک جار یەکێک لەم ئەکتەرە ژنانە، لەنێوان دوو بووکەڵەدا، بە تۆن و دەنگی جیاوازی دوو کارەکتەر، دیمەنێکی ناوازەمان بەم بووکەڵانە پێشکەش دەکەن.یەکێک لە دیمەنە جوانەکان دیمەنێکی نێوان“میراندا” و “فێردیناڵ“ە، دوو بووکەڵە و ئەکتەرێک لەنێوانیاندا، هەموو جارێکیش کە “میراندا” دەردەکەوێت ڕیتمی نمایشەکە دەگۆڕێت و ئەفسوون جێگای واقیع دەگرێتەوە.
ئەوەی لەم نمایشەدا جێگای سەرنجە، ئەوەیە، کە “ئۆسکارشۆن” لە زەمینەیەکی دەوڵەمەندی هۆشیاری شانۆییەوە، هەندێ لە دەقەکانی تری شەکسپیری کردۆتە دەروازەیەکی هونەری بۆ زیاتر قووڵبوونەوەی دیدە هزری و هونەرییەکەی شەکسپیر، بۆ نموونە “خەونی شەوێکی چلەی هاوین“، کە سرووشت و شەو دوو پێکهاتەی گرینگن، لە ڕوانگەی ئەم دەقەوە، دەرهێنەر تەکنیکی خەونەئامێز و گۆڕانکارییە خێرا و ئەفسوونییەکانی بەکارهێناوە بۆ بەرجەستەکردنی ئەو دنیا پڕ لە ڕاز و نیازەی لە “گەرداوەکە“دا هەیە. “ئۆسکارشۆن“ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لەگەڵ دنیای شەکسپیردا هەیە، لەوەوبەر هاملێت، ڕۆمێو و ژولێت، خەونی شەوێکی چلەی هاوین، لیری پادشا… هتد بۆ شانۆ دەرهێناوە.
ئەوەی ئەم دەرهێنەرە، لەم نمایشەدا دەیکات، گەڕانەوەیە بۆ بنەما و پێکهاتە ڕیتواڵییە دێرین و سەرەتاییەکانی هونەری شانۆ. شانۆ لە ڕیتواڵە دینییەکانەوە سەرچاوەی وەرگرتووە، لە داب و نەریتە دێرینەکانەوە، وەک بنەمایەک بوونی بۆ تەوتەمییەت و یۆتۆپیایەک، کە بنەماکانی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی شارستانییەتی مرۆڤایەتی. ئەو دوالیزمەی لەنێوان ئەکتەر و بووکەڵەکاندا هەن، چەمکی ڕۆڵ/کارەکتەر، لەگەڵ ئەکتەرەکاندا قووڵ دەکاتەوە و زەمینەیەکی هونەری بۆ ئەو ڕیتواڵە دەخوڵقێنێت، کە دەرهێنەر هەوڵی بۆ داوە. هەر ئەم ڕیتواڵە، جۆرە سمبولێک لەم دوالیزمە هونەرییەدا دروست دەکات، کە دەبێتە بەشێک لە جووڵەی ئەکتەر/بووکەڵە. لەم نمایشەدا، لە دیدی گەمەیەکی شانۆیی و شانۆی ناوشانۆوە، هەموو شتێک بۆ هەموو کەسێک، مەبەست تەکنیک و ڕۆڵی ئەکتەر و پێگەی ئەکتەرە لە نمایشەکەدا، گونجاوە. ئەوەی دەرهێنەر کاری لەسەر کردووە، هەستی ئەکتەرەکان نییە، ئەکتەر بەپێی میتودی ستانیسلاڤسکی کاری لەسەر ڕۆڵەکەی نەکردووە و بە ڕۆڵەکانیاندا ڕۆناچێ و نابێتە بەشێک لەو هەست و سۆزە. ئەکتەرەکان نابنە کارەکتەرەکان، بەڵکوو گهمهیهک یا جۆره ئهفسوونبازییهك بهڕێوه دهبهن بهوهی، که ئهکتهر دهتوانێ، لەو پانتاییە تەسک و دیاریکراو و بۆشەدا بفڕێ، دەمامکەکانی لابەرێ و لەگەڵ بووکەڵەکاندا ببێت بە یەک. ئەکتەرەکان لە یەک کاتدا ئەکتەرن، هەروەها بووکەڵەیشن، بووکەڵەن و دەشبنەوە بە ئەکتەر، بە مرۆڤ. لەم گەمەیەدا، هەمیشە بینەر توخمێکی گرینگە و بەشێکە لە نمایشەکە و ئامادەگییەکی بەردەوامییان هەیە؛ لە زەماوەندەکەی “میراندا” و “فیردیناڵ” دا بینەران دەبن بە بەشێک لە ئاهەنگەکە و لەگەڵ ئەکتەرەکان سەما دەکەن، لە دیمەنێکی تردا، بووکەڵەکانی “میراندا” و “فیردیناڵ” دەخەنە ئامێزی بینەرانەوە و بینەران دەبنە بەرپرسیاری ئەو دوو عاشقە گەنجە. هەموو نمایشەکە، وەک گەشتێک وایە، بینەرانیش بەشدارن لەو پاپۆڕەدان، کە تێک دەشکێت و سەرنشینەکانی بە دوورگەکەدا بڵاو دەبنەوە؛ هەموو شتێکیش لەژێرزەمیندا ڕوودەدات و لە کۆتاییدا، دەگەڕێنەوە بۆ واقیع. ئازادی دوا وشەی ئەم نمایشەیە.