
مێخەکبەند
لە یادکردنەوەی تاوانی ئەنفالدا
ئازا حەسیب قەرەداخی
٢٠٢٤/٣/١٤
لە حەیرانێکا
باسی ئەو یارەم بۆ بکە ڕۆیی
بە پێچەکانی گڕەی هاوینا
رۆیی و سێبەری خۆی جێ هێشتووە
لە لاوکێکا
حیکایەتی ئەو پەڕەسێلکەیەم بۆ بگێڕەوە
لەبن پاسارەی چاوەڕوانیدا
وەکوو یادگاری بۆ هەڵنیشتووە؟
لە هۆرەیەکدا
چێژی هەنارم بۆ داگیرسێنە
ئەوا پاییزە
دەمەوێ تامی ئەوینێک بکەم
لە بەرچنەدا بۆی هەڵڕشتووە
لە ئای ئاێیکدا
بۆی مێخەکبەندێ لە عەرعەرەوە بهێنەرەوە
خۆ هێشتا ئەنفال بە بیابانی نەوتووە تۆ
بۆن و بەرامەی مێخەک و چیات چۆن لێنیشتووە!