فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شــیعری

دەقی شيعری
جەلال هانیسی

شاعير، نەرويج
ئێوارە لە قەدی خۆم
هەڵدەواسم
هەتا مشتێ ڕۆشناییی زیاتر
بپژێتە مل نیشتمانمدا.
بلیتی قەتار دەبڕم
هەتا بەیان بمخولێنێتەوە
با نەزانم تاریکی
باڵی کێشاوە بەسەر نیشتماندا.
تاریک و ڕوونی بەیانی
لە ناوەندی شاری ئوسلوودا
خۆم لە پێش چاو ڕێبواران
ون دەکەم
نەبا ڕەگەزپەرەستێ
گولەیەکم پێوە بنێ
دواتر پۆلیس بنووسێ:
بکووژ نەخۆشیی دەروونی هەیە!
ئەگەر کاوڵی* بایام
ئاوا نیشتمان منی تووشی خەمۆکی نەدەکرد و
خۆیشی وەک دایکێکی ڕۆڵەغەریب
کز و ڕەنگ زەرد
لەسەر ڕێدا دانەدەنیشت!
کاوڵی: قەرەج، قەرەچی.