فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هێندەی خۆشت دەویست خۆی بەتەڵاقدان دا!

هێندەی خۆشدەویست خۆی بەتەڵاقداندا
کورتە چیرۆک
د.مستەفازەنگنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ ، هەولێر
ئێمە لەڕێگای سۆشیال میدیاوە یەکمان ناسی، وەکو خانمێکی ئاسایی سەیریم دەکرد، خۆشحاڵبووم کە بابەتەکانم دەخوێنێتەوە، بەڵام کۆمێنتەکانی لەوشەی
..دەسخۆش..بەولاوە هیچی تر نەبوو.منیش پێم نابەجەرگی خۆماوپێم وت،، تەنها ئەم وشەیە گوزارشت لەبیرو بۆچوون و خوێندنەوەت ناکات، بۆیە واهەست دەکەم تۆ خانمێکی یان ترسنۆکی یان مارانگەستەی؟
ئەم ڕستەیە بووە هۆی تەقینەوەی داستانێکی تراجیدیای عیشق وگوتی…
من کارمەندێکی سەربازیم، کابتنێکم خۆشویست، بەڵام باوک ودایک وبراکانم ڕازی نەبوون، من بڕیارم داو شووم بەخۆشەویستەکەم کرد، باوکم وکەس وکارم لەدادگا هاشایان لێکردم،، حەڤدە ساڵ بەخۆشی ژیام بەڵام مناڵم نەبوو،ئێوارانێکی پزیشکە ژنەکە مێردەکەمی بانگ کردە ژوورێ و پێی گوتین… من دەبێ ڕاستیتان پێ بڵێم بەڵام نابێ دڵگران بن، ئەم ژنە بەهیچ شێوەیەک مناڵی نابێ،خۆتانیش ماندوو مەکەن،ئەوەبوو لەنۆڕینگەکەدا لەخۆچووم و دووهەفتە لەنەخۆشخانەدا مامەوە، پیاوەکەم زۆردڵی دامەوە، بێسوود بوو، زانیم ئیتر من نابمە دایک و مناڵی خۆم لەئامێز ناگرم، هەرلەنەخۆشخانە بڕیارم دا لەپێناوی عیشقدا خۆم بکەمە قوربانی، تاپیاوەکەمیش بێبەش نەبێ لەباوکایەتی، کەلەنەخۆشخانە هاتمەدەرێ چوومەدادگاو یەک لایەنە تەڵاقی خۆم وەرگرت، پیاوەکەم بۆ ماوەی دووساڵ هەوڵی داپەشیمان ببمەوە، بەڵام ڕازی نەبووم، ئەو ژنی هێناو ئێستا مناڵی هەیە، هەست دەکەم قوربانییەکەم بەری هەبوو، توانیم دڵی ئەو خۆشکەم، بۆیە لەدوای جیابوونەوەم تێکەڵ بەهیچ پیاوێک نابم نەبا لەبازنەی ئەو قوربانیدانە دەربچم،تائێستاش کەس وکارم بەلاما نەهاتوونە، منیش زاتی ئەوەم نەکردووە، قوربانیدانەکەم بکەمە قوربانی ڕستەیەکی ڕازی بوونیان…بم بوورن من هەڵەبووم، من ئێستا تەنها لەگەڵ یادگاریی ساڵانی هاوسەرگیریمدا دەژیم.

کەلەقسەکانی بووەوە هیچ قسەم نەکردو تەلەفۆنەکەم داخست، واساڵێکە نووسینەکانی من دەخوێنێتەوەو تەنها دەنووسێت…جوانە.