فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وانەی چارەنووس

وانەی چارەنووس


سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە


چارەنووسی هەڵوەدای ئەم خاکە با هەر وانە بێ
بۆچی کەژوانییش ئەبێ ئاکامی وەک هی بانە بێ
هەڵمژینی خۆشە گەرچی ئەو هەوای سەربەرزییە
خۆزگە هەڵنیشتن لەلووتکەش شادوسەرمەستانە بێ
پێگەیینی لووتکە گەرچی ئەستەمەو ڕێگا چەتوون
خۆشە پێشەنگت کە وریا و تاڵە حەتمەن وا نەبێ
سڵ لە مردن بۆ بکا کورد ژینی مادام تاڵە لێ
کێو ئەپێوێ دەشت ئەکا تەی نەک کەسیرەی خانە بێ
چاوی لێ تێر نابێ نابێزێ لە زێدی وا دڵێک
پڕ بە قووڵایی هەناوی عەشقی ئەو دوندانە بێ
کەڵکەجاڕئەمجارە نیشتنگەی هەڵۆ پۆلێکە کورد
مردنی ناو باوەشی شاخی هەتا ئەفسانە بێ
نابڕێ پێی ئێمە کەویە و بەستەڵەک لەو لووتکە نا
دوا هەناسەی ساردی ئێمەی لێوە با لەو بانە بێ
با پەژارەی ئێوە کەژوانانی پیاو و ژن لە سەر
شانی شێعر و ناخی ماتەمباری ئەم سۆرانە بێ

یازدەی ڕەشەمەی چوارسەد وسێ

.تێبینی : ئەم شێعرە بۆ ڕووداوی کەژوانانی بانە نووسراوە و لەکۆڕێک بۆ چلەیان لە سڵێمانبەگ ، ڕۆژی پێنج شەممە بەڕێوەچوو، لەوێ شاعیر خوێندوویەتییەوە.