گەزیزە و خەیات و توێکڵە قەڵەمدایەن
چرۆ زەند
نووسەر، کەنەدا
تێبینی: تەمەنی توێکلە قەڵەم دایەنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٩
وێنەکانی خەیات لەسەر لاپەڕە بوو، لەسەر کارتۆن و گوڵدان بوو، لەسەر شووشە و زەوی و بەرد بوو، لەسەر دیواری کێوەکانی سەر سنوور بوو، لە پێش بازگەی شارەکان بوو. وێنەکانی خەیات لەسەر دیواری ماڵەکەی بوو، لە دەرگای ژوورەکاندا، بەگوێسوانەی ماڵەکەدا شۆر ببوەوە، بەسەر پلیکانەکاندا پلە بە پلە لەگەڵتدا دەهاتنەخوار. وێنەکانی خەیات نیشانەی ئاشتی بوون، زۆر جار کوترێکی سپی بوو دەیدا لەشەقەی باڵ، بەسەر سنووری نێوان شارەکاندا تێدەپەڕی لە بازگەکاندا داوای تەبایی و ئاشتی دەکرد. وێنەکانی سنووری کوردستانی تێپەڕاند لە پێشانگای جیهانیدا نمایشتی کەلتووری گەلەکەی دەکرد.
توێکلە ڕەنگاو ڕەنگی قەڵەمی بۆیەکانی یەک بەدوای یەکدا لە قەڵەم دایەنەکان دەکەوتنەوە خوارەوە بۆ سەر زەوی. گەزیزە دەستی دەگرتەوە کۆی دەکردنەوە، دەڕۆيشت و دەنک دەنک کۆی دەکردەوە ولە شوشەیەکدا دایدەنان.کاتێ خەیات باسی لە خۆشەویستی دەکرد، لە پێشانگاکەیدا بە وێنەکانی بەشداری دەکرد، نە وێنەیەک و نە دوو نە سێ، وێنەکانی ئامادە دەکرد وێنەکان لە خۆشەویستی دەدوان.خۆشەویستیەکی بێگەرد، بۆ مرۆڤ، بۆ هەسارە، و هەیاس، بۆ گەزیزەی هاوژینی، بۆ خاک و بۆ دار وبەردەکانی نیشتمان.
خەیات وێنەی دەکێشا و گەزیزەيش بە دوای هەنگاوەکانیدا دەڕۆيشت و توێکڵە قەڵامدایەنەکانی کۆدەکردەوە، ئەو پێچاو پێچی جێی قەڵەمەکانی دەنرخان وەک چیای گۆیژەو هەورامان. ئەو باسی لە خۆشەویستی دەکرد و گەزیزەيش پارچە پارچە تۆێکڵە قەڵەمدایەنەکانی کۆدەکردەوە تا جارێکی تر وێنەی نیشتمانێکی فرە ڕەنگی لە کۆی ئەو ڕەنگاڵەیەدا ببینێ.نیشتمانێکی ڕەنگاو ڕەنگ گشت ڕەنگێ بگرێتە خۆ.
خەیات نەخشەی نیشتمانە پەرتکراوەکەی بە تابلۆ دەنەخشان، بەکۆمەڵ کوژی کورد، ئەنفالی ڕەش، ڕەوو، هەڵەبجەی شەهید، لە سێدارەدان گشتی دەنەخشان، دەینارد بۆ پێشانگاکان تا ئازاری گەلەکەی بەیان کات.
لە هەمووی بەئازارتر، شەری برا کوژی بوو، خەیات هیچی بۆ نەکرا ڕەشماڵێکی هەڵدا لە نێوان سنوورە دەستکردەکەی پارتەکان، چیاکانی هێنایە تکا بۆ وەی کورد بوەستێ لە کوشتنی برای کورد. ئەو کارە شاکارەی بیانیيەکان و ڕێبواری ڕێی سەرسام دەکرد، کەچی شەڕ هەر نەوەستا.
خەیات وێنەی هەسارە و هەیاسی لە دەرگای ژوورەکانیاندا دەنەخشاند، پێش ئەوەی بچنە ژوورەکانیان، هەردوو سڵاو لە میهرەبانی و دەستڕەنگینی وجوانی هونەرمەندی باوکیان بکەن، گەر خۆشی لە ماڵ نەبوو. خەیات ئێستا لە ماڵ نیيە، وێنەکان بێناز کەوتوون، ئەو فریای وەسیەت نەکەوت، پێی وانەبوو وا زوو دەڕوا، هەندێ جار ژیان بوار نادات بە مرۆڤەکان وەسیەت بکەن.
گەزیزە لە خەیالێکی قوڵدا، خەیات دەبینێ دەڵی یەک جار گفتم لەگەڵ بکە، تۆ ماوەیەکی زۆر ژیایی بەبێ دوان. بدوێ دەتەوێ وێنەکان بۆ کوێ بەرم، ئەی ئەو بەردە جوانانەی کە نەخشاندوتن، وەرە تەگبیرم بۆ بکە دارو بەردی ماڵەکە یادگاریتە چۆن بیان پارێزم. گەر ئەوانیش وەک توێکڵی قەڵەم دایەنەکان بوونایە هەموویانم دەخستە شووشەیەکەوە دەمپاراست. دەترسم ڕۆژێ بێت ڕەشەبایەک گشی کارەکانت بە ئاسمانی شارەکەدا فڕێبدات. یان شەپۆلی لافاوێ گشت کارەکانت بەئاودا بات. بەڵام هێشتا هیوا نابڕم شووشەکانم بە توێکڵی قەڵەمدایەنەوە هەڵگرتووە ئەوە کاری دەستی تۆیە خەیات، نایبەمە دەرەوە نەبا شووشەیەک بشکێ و توێکڵەکان بە ڕەشەبای سلێمانی پەرشو بڵاو ببنەوە ئیتر نەیان بینمەوە. یان کاڵفامێ پیی لەسەر دابنێ و بەهای ڕەنجی تۆ نەزانێ.ئەوانەم لە سوچێکی ماڵەکەدا داناوە، لە بەیانی ڕۆژەکەمدا سڵاویان لێ دەکەم، دەڵێم خەیات تۆ زیندوی تۆ بیکاسۆی گەلێکی ستەمدیدەیت، وێنەکانت جێ نزگەن لە هزرمدا پاراستومن.
April 11, 2025