فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقـی شـیعری

دەقی شيعری
ڕەحيم لوقمانی
شاعير، سەقز
دێوی شەڕپۆش،دەستی ناوەتە بەر بینی جامی ژین و
بە بادەی دڵمان سەرخۆشە
شاداڵی شەو، باڵی ڕەشی
لە سەر گۆنای کچی هەتاومان بەرنادا
گورگی یاسا, ئێسکی شادیمان دەکرۆژێ و
قژی شێعری نیشتمانمان،
پەرێشانی چنگی سانسۆری سەرپۆشە
گوڵستانی هەڵپەڕکێمان
بێ دیمەنی گەنم و جۆیە
جەستەی شەلانی ئاوییەر، چاوەڕوانە
تاران فوو کات بە شمشاڵی خەمانیدا !
گەلۆ یاران، سازی تاران،
قەت ئازاری سەیدەوانی تۆ نازانێ و
باڵای چیای خەمەکانت ڕانەژەنێ
ئەوان مەستی بادەی کۆنی دەسەڵاتن
هەرگیز نایەن لە سای چیای عیشق و خەمی
نالی و شێرکۆ وچان بگرن
پێچەوانەی عیشقی یەک لا و
خەساری خەونەکانی تۆ
تاران هەرگیز گوێی دڵ نادا
بە سازی ڕۆحی زیرەک و ڕازەکانی زمانی تۆ !
تۆ بە وەفای ئەوینەوە،
ئاشقی فەرهەنگی ئەوی و
ئەو بە جەفای ئەوینەوە
دێتە پێشوازیی گیانی تۆ!