ناسۆریم لە ئازاری نیشتمان تۆخترە!
شنيا عەبدولمەجيد
شاعير ، هەولێر
کێ دەڵێ ژان گرتنی ژنێک،
لە ئازاری نیشتمان گەرمتر نیە!
ئەو ساتانەی کە خوێنی ژنێک،
لە تەپەتسکێوە خەریکی چۆڕان و..
ڕژانە، نوزەو..
گریانی هەر ئەو ژنە…
دەگاتە کەشکەڵانی فەلەک!
مەگەر هەر ژن خۆی تێبگا لەو ڕۆح دەرچوونەی… ئازارە!
هەمووان دەڵێن گوڵاڵە سورە جوانە!
کوڵمی سوری کچە کورد جوانتر…
سێوی لاسورەی قەدپاڵی چیاکان،
لە جوانیدا بێ وێنەیە.
لێ ژن لە سور ترساوە!
خوێنی هەموو دەم هەر بەناهەق ڕژاوە!
سڵ کردنێک لە سوور…
تا ڕۆژی مەحشەر!
ئەو ڕۆژانەی کە خەریکی باج دانیەتی
بێ سوچ و خەتا،
بەرانبەرەکەی پێکەنین دەیگرێ بە ئازاری!
چێژ دەبا لە گریانی!
چەن هەزەلییە ئەو قۆشمە چیەی…
کە بەدیار سەمای هەڵپەڕینی،
مەرگی کوکوختییەک،
ڕەشبەڵەکی چەمەرچۆپی هەڵبەستووە!
لەویش هەزەلیتر،
ئەو پیاوەیە
کە بەدیار ڕژانی خوێنی ئاڵی خوشکەکەیەوە
بەناوی پاکبوونەوەی شەڕەف،
کۆوەند دەبەستێ!
ئایی ژن،
ئازارت چەن قەبەیە!
چەن بێ مەودایە ئەو چۆڕاوگەی خوێنەت!
لە مەینەتدام و..
کەچی بیرم لای ئەو ڕۆژانەم جێماوە،
کە هەرزەیێکی شەرمن بووم و..
لەترسی بەڕێوەبەرە ناپیاوەکەمان
چەن دەمژمێرێ زووتر لە وەختی خۆی
ڕوومان دەکردە ڕاوێستانگەکەو..
بەرەو شوێنی مەبەست
ملی ڕێمان دەنا،
تا بەتەنیا شەڕ هەر بەئێمەی ژن نەفرۆشێ…
لە کاتێکدا دەستی غیرەتی بەسەر بەژنی…
ڕەگەزی خۆی نەدەشکا!
کێ لە ژانی ژن دەگا
ژن نەبێ؟
هەمیشە هەر تەیارە ئەو خەمی تاڵە ژانەم
لە ڕاستیدا ئازارمان گەلێک بوو…
جوان بوویتایە،
شەڕی دنیات پێ دەفرۆشرا
تا بکرێیتە نێچیر!
کە ملیشت نەدایە…
ڕکابەری دەکرایت و
تا دەیانتوانی هەر بەزیندوویی دەیانکوشتی!
چ ئازایەتیێکە ملکەچ نەبوون؟
بێ ئومێد نەبوون!
دەسەوەسان،
چوزانم…..تد
هەر کەباسی خەمی نیشتمان دەکرێ،
ئازاری ژنم وەبەرچاودێ…
کە هەرگیز بنکۆڵ ناکرێ!
من یەک دوو ژانێکم
کەقووت دابوون،
فڕێ دانە دەرەوەو…
هێڵنجم دان
لە هەوڵی قوڕنچکی ترم،
تا بێ زەیینیم وەدەرنێم
لە قەپێلکەی سەرم و..
هەندێ لە ژانی منداڵبوونی
پڕ ئازارتری ئەو ڕۆژانەم بێنەوە بەر تەماشام و..
نەختێکیتر پێیانەوە بمرم!
ئەرێ هەر بەڕاست،
مام عەلی پلە زارێشم بیر نەبوو،
کە دوو کیژی خۆی کوشتن ئەوێ ڕۆژێ،
چونکو یەکیان میهرەبانانە
کوڕێکی عەتار ی،
لە قەیسەری هەولێر، خۆشدەویست،
ئەویدیش لە ڕێگای فێرگەوە..
کوڕێک چاوی بڕیبوویە جوانی و..
ئەمیش ڕووی پێنەئەدا،
کردی بەقوربانی بوختانێ!
ئیدی چۆن تاڵە ژانی ژنێک،
لە ئازاری نیشتمان گەرمترو…