دووا پێکی عەشق
د.مستەفا زەنگەنە
من کە ئەتوانم
بەرگەی دووریت و
بێ مەیلیت بگرم
تواناشم نییە…
مەگەر کەف زەنان تاوەکو دەمرم
من نەدەتوانم بەبێ تۆ هەڵکەم
ناشتوانم ڕێگای دووریی تۆ پەیکەم
تەمەن،زاڵمەو
پرزەی بڕیوم
مەگەڕ تا مردن
ڕێگای دووری تۆ بەخەم بپێوم
نەئەوەتانێ
تۆش بێیت و.جارێ، سەرێکم لێدەی
قۆڵی پیرۆزت ،وەک تەبەڕووکێک
لەگەردنم کەی!!
هێزێ ببەخشی
بە چڵی وەریو
بەمەعشووقەکەی
خێرلەخۆ نەدیو
من پێم ناکرێ و بێم و بتبینم
بەکوڵ هەڵڕێژم قوڵپی ئەسرینم
شەرم ڕێم نادات
بەدنیا بڵێم
ئەو پەریی خوایەو
منیش خاکی ڕێم
یان ئەوەتانێ، چی شەرم هەیە
هەمووی لەپێکەم
وەکو مەیزەدە
هەڵدەم دواچۆڕو خڵتەی ئەم پێکەم
باەوشت لێدەم، ماچت کەم وەک مانگ
بەلێو لەسەرکوڵم،هەڵبدێرم بانگ
زۆرزۆر پێم ئەڵێن، پیرێک گۆڕاوە
وەک شێخی سەنعان،
تیرێک لێیداوە
ئەوساس گەر مردم
لەڕێی تۆدایە
سەروەریی عاشق لەو مەرگەیدایە
یان ئەوەتانێ
ئەوەی کەماومە
خڵتەی تەمەنە
دوا چرکەساتی
هێشووی زەمەنە
پەیامی وایە
بڕۆو گوێ مەدێ
چونکە ئەم عەشقە
هەربەکارەسات کۆتایی پێ دێ