فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕۆمانی “تەمیان” و خۆبەکەم زانینی نووسەرێک

  1. ڕۆمانی تەمیانو خۆبەکەمزانی نووسەر

لەیلا مستەفانەژاد

ئەم بابە تەنیا ئاوڕدانەوەیەکە لە مێشکی بەکۆیلەکراوی بە ناو نووسەرێکی کوردەوە، نەک ڕەخنەیئەدەبی.

هاوڕێیەکی باشووریم پێشنیازی خوێندنەوەی کتێبەکانی هایدە ڕەحیمی، بەتایبەتیش کتێبی تەمیانی بۆ کردم، کە وەرگێڕدراوەتەوە سەر کوردی، ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد، کە ئەم نووسەرە و کتێبەکەی زۆریان سەرسام کردووە و دەبێت شانازی بە بوونی کچەنووسەرێکی وا بەتوانا و بەهێزەوە بکەین. من هەر لەسەرەتاوە بۆم پرسیار بوو، کە بۆ دەبێت کوردێک بە زمانی فارسی بنووسێت؟! بە هەر حاڵ بەتامەزرۆیییەوە کتێبەکانم پەیدا کردن و کڕیمن. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گەڕام و نووسەرەکەم دیتەوە.خانمێکی بۆکانی، کە ئێستا لە تاران دەژیت. لە لاپەڕەکەیدا ئەوەندەی من چاوم لە بابەتەکانی کرد جگە لە دوو پۆست کە یەکیان ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی لە سلێمانی بوو و نووسەر و شاعیرە دیارەکانی سلێمانی لێ بوون و ئەوی تریان لە کاناڵ ۸بانگهێشت کرابوو، هیچ نووسراوەیەک یان بابەتێکی بە زمانی کوردی تێدا نەبوو. ڕەنگە پێتان سەیر بێت، کە ورووژاندنی ئەم قسانە چ پەیوەندییەکی بە بابەتی کتێب و ڕەخنەوە هەیە، با بچینە سەر ناوەڕۆکی کتێبەکە جا زیاتر بۆتان ڕوون دەکەمەوە.

ئەو کتێبە ڕاپۆرتی ڕۆژانەی دوو کوڕە کوردە، کە لەلایەن کابرایەکی دەوڵەمەندی تارانی بەکرێ گیراون تا لە شووقەیەکڕا چاوەدێریی ویلایەک بکەن، کە پاش یەک دوو ڕۆژ ژنێکی لاو دێت و لەوێ دەژیت. دوو کارەکتەری کوردی وێرانی بێچارە، کە یەکیان نەخوێندەوارە. ئەوان بەردەوام ترسی ئەوەیان هەیە کابرا لێیان ڕازی نەبێت و دەربکرێن، هاوکات هەردووکیان سەریان لە گەورەیی و پێشکەوتووییی تاران سوڕ ماوە. کابرا داوای لێ کردون باسی ژیانی خۆیانی بۆ بکەن و هەر کامیان ۱۲ کاتکۆچاوەدێریی ژنەکە بکەن و کاروبارەکانی ئەوێی بۆ بگێڕنەوە.

ئەشکانکارەکتەرێکی ساولیکە و دڵپاک و گەمژەیە. دایکی نەماوە و باوکێکی پیری هەیە.ئەو لە ژیانی خۆی لە شارە چووکەکەیدا زۆر ناڕازییە و هەست بە ژین ناکات. تا تەمەنی ۳۰ساڵان لەوێ هیچ دڵدارییەکی نەکردووە، کە دەگاتە تاران هەرچەند کابرا تارانییەکە پێی کوتوون نابێت کاریان بە کچان بێت، کەچی دێت و لەگەڵ کچێکی زۆر جوانی فارس‌زمان پەیوەندی دروست دەکات و زۆر بەو کارە دڵخۆش دەبێت. ئەم دوو کوڕە لە ڕاپۆرتەکانیاندا سیخوڕیی بەسەر یەکترییەوە دەکەن، بەڵام کارەکتەری سەرەکیی ئەو چیرۆکە سۆرانە.

کوڕێکی زۆر ژیر و کتێب خوێن، کە ئینگلیزی دەزانێت، گوێی لە گۆرانیی ئینگلیزی دەگرێت و سەیری فیلم دەکات. بابی کۆچی دوایی کردووە و زۆر بەخراپی باسی بابی دەکات، برایەکی کەم ئەندامی هەیە، کە بابی هۆکاری ئیفلیجبوونیيەتی و دایکێکی گەمژە و خەمۆک، کە کۆیلەی ژێردەستی بابی بووە و ئەوەندە ساویلکەیە، دەیەوێت لەو گیایانەی، کە دەیانهێنێت، دەرمان بۆ کوڕەکەی دروست بکات.باسی هۆماخانمێک دەکات، کە هەموو شتی ژیانی لەو فێر بووە و کچێک بە ناوی ژوان خۆشەویستی بووە. زیاتر دەچێتە پێش و لەسەر داوای کابرا تارانییەکە باسی هۆماخانم دەکات. لە لاپەرە (٦٠)ی نوسخە فارسییەکەدا باس لە جوانیی هۆماخانم و جلوبەرگە تایبەت و ڕێکوپێکەکانی دەکات، ئاماژە بە کەمەری باریک و لەش و لاری دەکات و دواتریش دەڵێت: “ئەوانی دی زۆربەیان قەڵەو و شپرزە بوون تەنانەت دایکی خۆيشم.لەسەر باسی جوانیی هۆماخانم بەردەوام دەبێت و لە چەپکەوشەی کوتاییی لاپەڕەکەدا نووسیویەتی: “هوما خان خوێندەوار و زانستگەیی بوو. کەیفی بە لە پاش ملە قسەکردن نەدەهات و لەنێو ژناندا زیاتر بێدەنگی هەڵدەبژارد و کتێبی دەخوێندەوە. تەنیا حەزی لەنێو دانیشتنی ژنان بوو. بە ڕای من هەموو لەلای، دیاردەیەکی نوێ و سەیر بوون. دیار بوو کە هیچ کات لە تاران لە دانیشتنێکی وەهادا بەشدار نەبووە.”

بیهێننە بەر چاوتان ژنانی ئەو شارە هەموو قەڵەو و شپرزە بن، کە هەر خەریکی قسە و باسن و خانم بە تەنوورەی کورت، کتێب ‌بەدەست لەنێوانیان دادەنیشێت و سەری سووڕ بمێنێت لەو شتە عەجایبانە. چۆن لە تاران، هەرگیز کەسی ئەوەندە گەمژە هەر بوونی نییە.شتێک، کە جێگای پرسیارە باسنەکردنی زمانی کوردییە. چۆن ئەو ژنە تارانییە بەدڵنیایییەوە کوردی نازانێت و ئەو ژنە قەڵەوە گەمژانەيش بێگومان فارسی نازانن، ئیتر چۆن لە قسەکانی ئەمانە تێ گەیشتووە؟ با بچینە لاپەڕەی (٦١)،بوونی هوما خان لەم شارەدا وەکوو تێپەڕینی ئەستێرەی پاشڵدار بوو، کە ڕەنگە هەر هەزار ساڵ جارێک لە ئاسماندا دەربکەوێت. بۆیە هەرکات بە خۆم دەڵێم بەدشانسم خێرا ئەوەموەبیر دێتەوە و دەڵێم نا! من شانسی ئەوەم هەبووە کە لە ژیانمدا بۆ ماوەی سێ ساڵان ئەو ئەستێرەیە ببینم. من کەسێکی دادپەروەرم. لە سایەسەری هوما خان، من لەگەڵ هەموو مێرمنداڵە هاوتەمەنەکانم لەو شارەدا جیاوازیم هەبوو و پێم وا بوو جیاوازیش مامەوە. “

تەواوی کوڕی ئەم شارە گەمژە بوونە، تەنیا ئەویان نەبێت، ئەویش تەنیا بە هۆی خانمی تارانی. پاش ئەو سێ ساڵە ئیتر ژیانی ئەو هیچ مانایەکی نابێت تا ژوان دەناسێت و دەکەوێتە داوی خۆشەویستیی ژوان. یارمەتیی ژوان دەدات، کە لە زانکۆی تاران بۆ هونەر دەربچێت.پاش ڕۆیشتنی بۆ تاران ئیتر نایەوێت لەگەڵ سۆران لە پەیوەندیدا بێت. ئەویش چۆن باوکی دەمرێت ناتوانێت درێژە بە خوێندن بدات و بچێت بۆ تاران.

نووسەر پەیتا پەیتا وەبیرمان دێنێتەوە، کە پێشکەوتن تەنیا لە تاراندا هەیە و مانەوە لەم شارە چووکەیەدا بە واتای لەناچوونی ژیانە بەهۆی ئەوەی کە لەم شاردەدا هیچ شتێکی بەبایەخ بوونی نییە.

ئەو دوو کارەکتەرە، لەلای کابرا تارانییەکە بەردەوام دەبن لە ڕاپورتنووسین و سیخوڕیکردن بەسەر یەکترەوە، لە ڕاپۆرتەکانیاندا گەمژەبوون دەبارێت، بۆ نموونە ئەشکانبە هۆی درۆکردنی لەگەڵ کچە تارانییەکە ناچار دەبێت پەیوندییەکەی بپچڕێنێت و ئیتر لە پاش نەمانی کچە و ترسی گەڕانەوەی بۆ شارەکەی خۆی خەمێکی قووڵ دایدەگرێت، لەبەر ئەوەی هیوا تەنیا لە تاران و لەلای ژنە تارانییەکاندا هەیە.هەر چەند ئەو کارەکتەرەیش قسەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام با بچینەوە سەر کارەکتەری سەرەکی، کە سۆرانە. “سۆرانبەردەوامە لە شکاندنەوەی دایکی و باسکردنی ئەوەی، کە دایکی قەت نەیتوانیوە دایکایەتی بکات و دایکێکی باش بێت. “سۆرانبەردەوام باس لە گۆرانیی ئینگلیزی دەکات و تەنیا لە لاپەڕە (١٠٢) دایە، کە دەڵێت هۆما خانم ئاشقی گۆرانیی کوردی بووە. یەکێک لە گۆرانییە دڵخوازەکانی «زارا»ی خالقی بووە و چەقەنەی بۆ لێ داوە. ئێستا پرسیار ئەوەیە گۆرانیی کوردی تەنیا بۆ چەقەنەلێدان دەبێت؟

دواتر سۆرانله تاران ژواندەبینێتەوە، ئێستا ئەکتەرێکی بەناوبانگی شانۆیە لە تاران.دیسان نووسەر وەبیرمان دێنێتەوە پێشکەوتن تەنیا لە چوونە تاران دایە، ژوان چون له تاران بووه زۆر سەرکەوتوویە.سۆران، کە هۆماخانم لە ئینستاگرام دەبینێتەوە، هیوا بۆ ژیانی دەگەڕێتەوە.

پێم وایە تا ڕادەیەک توانیومە تەمای کتێبەکە باس بکەم،کارەکتەرەکانی ئەو کتێبە داباش کراوە بە دوو بەش، کورد و تارانی، تەواو کوردەکان گەمژە و نەفام، تەنیا سۆران نەبی، کە ئەویش بەخاتری بوونی خانمی تاران بووە.بەتایبەت بێڕێزیکی زۆری بەرانبەر ژنی کورد هەبووە، کە هەموویان گەمژە و قەڵەو و شپرز نیشان داوە، پێچەوانە ژنەکانی تاران زۆر جوان و تێگێشتوە. هێنانەوە پاساو، کە ئەوە ئەدبیاتە و ڕەخنە لە کۆمەڵگە زۆر ئاساییە ئەوەندەی دی ئەو رۆمانە دەباتە ژێر پرسیار، ئەوە بە گەمژە زانینی خوێنەر چون لە هەموو کومەڵگەی چاک و خراپ هەیە و خراپ کردنی هەموو کۆمەڵگەتەنیا دەتوانێت ئامانجێکی لە پشت هەبێت.ئێستا چەند پرسیاری گرنگ دێتە ئاراوە. یەکەم:نووسەر ئامانجی لە نووسینی ئەم کتێبە چ بووە؟ نیشاندانی پێشکەوتووییی تارانە؟ یا ئەوەی تەواوی خەڵک گەمژەن، تەنیا ئەوانە نەبێت، کە دەچن بۆ تاران؟ ژنانی کورد زۆربەیان قەڵەو و شپرزە و گەمژەن و تەنیا ژنانی تارانی تێگەیشتوون؟ یا پێشکەوتن لە زانینی زمانێکی بێگانەی وەک ئینگلیزیدایە؟

بە بڕوای من ئەم نووسەرە تێ نەگەیشتووە و خۆی لە تەمێکیخەستی خۆبەکەمزاندا دەبیتنێ، ئەم چەشنە نووسینە و کتێبێکی ئەوتۆ، بێرێزیيە بە نەتەوەکەی؟ پاشان ئەو وەرگێڕە (جەبار سابیر) بۆ دەبێت کتێبێک، کە پڕە لە بێڕێزی بە نەتەوەی کورد، وەڕگێڕێتە سەر زمانی کوردی؟ جێی سەرسوڕمانە ئەم ناوەندە بۆچی چاپی کردووە و ئەو هاوڕێ بەرێزە بۆ تێ نەگێشتووە؟ لە کۆتاییدا بە چ پێوەرێک شانازی بەو کتێبە دەکات؟

لە کوتایی دەبێ پێش بە پەرەسەندنی ئەدبیاتێک، کە بێڕێزی بە نەتەوەکەی خۆی دەکات و نەتەوەی سەردەستی گەورە نیشان دەدا و ڕێگای پێشکەوتن تەنیا لای وان نیشان دەدا بگردرێت، نە ئەوەی کتێبەکە بکرێت بە کوردی و نووسەر بانگێشتی باشوور بکەن و کۆرو کۆبونەوەی بۆ بگرن و ڕۆمانەکانی وکو ڕۆمانێکی ناوەزا ناو بێنن.

تێبینی: پاش تەواوکردنی کتێبەکە نامەم بۆ نووسەر نارد و ئەو پرسیارانەم لێ کرد و بێ هیچ وەڵامێک بلۆکی کردم.