فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

گرنگی ڕەخنە لە ئەدەبی منداڵاندا

گرنگیی ڕەخنە لە ئەدەبی منداڵاندا

ڕۆستەم خامۆش

 هه‌ولێر

بۆ زیاتر گەشەسەندن و بایەخی زۆرتر و نووسینی جوان و ڕازاوە و داهێنەرانەو ئافراندنی دەقی ئەدەبی منداڵان، وەک ژانرەکانی: (شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی و ڕۆمان) لەلایەن شاعیران و نووسەرانەوە، جێگەی خۆشحاڵی و شایانی نرخاندنە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو نووسین و ئیشکردنە لە زۆرێک لە ژانرەکانی ئەدەبی منداڵاندا، بە گرنگ و پێویستی دەزانین کە ڕەخنەش بوون و ئامادەیی خۆی هەبێ، بۆ ئەوەی ئەدەبی منداڵان باڵاتر بێ، ئاخۆ بە چی باڵا دەبێ و چۆن پێشدەکەوێ؟ بەڵێ بە نووسینی شیعر و چیرۆک و هەموو ژانرەکانی تر، کە ئافراندنی تێدابێ و بە زمانێكی سادە و شیرینی منداڵ نووسرابێ، ئەوەش دەبێ ڕەخنەگر و توێژەری ئەو بوارە لێکۆڵینەوە و کاری لەسەر بکەن، بەڵام دەبێ ڕەخنەگری ئەو بوارە کێ بێ و چۆن بێ، یاخود چۆن ڕەخنە بگرێ؟ بەڵێ دەبێ ڕەخنەگر، کەسێکی: (بە ویژدان و دڵپاک و بێلایەن و ڕووناکبیر و ئەدەبناس بێ)، بۆیە باشتر وایە ڕەخنەگر خۆی بە دوور بگرێ لە هەر بیر و بۆچوون و ئایديۆلۆژیایەک، کە خۆی باوەڕی پێیەتی، چونکە ئەو دەبێ کار لەسەر دەق بکات و جوانیناسیی و بەهای ئەدەبیی دەست نیشان بکات و دەقە نائەدەبییەکانیش جیا بکاتەوە، مادام دەقەکە بۆ منداڵ نووسراوە، دەبێ ڕەخنەگر زۆر ورد و لێزان و شارەزایانە ڕەخنەی لێ بگرێ، باشتر وایە ڕەخنەگر: (ئەدەبناس و دەروونناس و پەروەردەناس و زمانزان بێ)، هەڵەو کەم و کوڕییەکان بخاتە بەرچاوی خوێنەران، نەک ئەو بێ باسی ئەو شتانە بکات و ڕەخنەیان لێبگرێ، کە خۆی باوەڕی پێی نییە و لەگەڵ بیرکردنەوەی ئەو ناگونجێن و یەک ناگرنەوە.

ڕەخنەگری شیعری منداڵان (پاتریک گراف- 1969) تێڕوانینی خۆی هەیە بۆ شیعر و ئەو پێی وایە بە هەندێ وشەی سادە و ساکار کاری داهێنەرانە دەکرێ، بەم شێوەیە لە بیرۆکەیەکدا ڕوونی دەکاتەوەو دەڵێ: ((ڕەنگە بەکاربردنی داهێنەرانەی کۆمەڵێک وشەی سادە و ساکار، ساناترین و باشترین و ڕوونترین شێوازی هەڵبەستنی شیعر بێت)).

بۆیە دەڵێین شاعیران و نووسەران پێویستە زیاتر خۆیان ماندووتر بکەن و هەوڵبدەن زۆرتر بزانن و فێربن، ئاگاداری بەرهەمە چاپکراوەکان بن بۆ منداڵان، چ ئەوانەی ناوەوە، یاخود هی دەرەوەی وڵات، بە پێی دەرفەت و کاتی گونجاویان پێویستە زانیاری زیاتر کۆبکەنەوە و خۆیان ڕۆشنبیرتر بکەن و هەوڵی داهێنان بدەن لە نووسینەکانیاندا، ئاگایان لە گۆڕانکارییە نوێیەکانی ئەدەبیاتی منداڵانی جیهان بێ، تاکو ئێمەی کوردیش لەگەڵ وڵاتانی جیهان ڕێبکەین و هەر هیچ نەبێ لە ڕەوتەکە جێ نەمێنین.

وە دەبێ شاعیران و نووسەرانمان خوێندنەوەیان زۆرتر بێ لە بوارەکانی: (ئەدەب و پەروەردە و دەروونناسيی منداڵاندا)، هەتا ئەدەبیاتی منداڵانی کوردمان بەرەو پێشتر بچێ و بە هەوڵ و تێکۆشانی قەڵەمی خەمخۆرانی ئەو بوارە، بگەیەنرێتە ترۆپک, چونکە ناکرێ و نابێ هەر وەکو دەیان ساڵ پێش ئێستا، کە چۆن بۆ منداڵان نووسراوە، ئێستاش هەر بەو شێوەیە بۆیان بنووسرێ و ئافراندنی تێدا نەبێ لە ڕووخسار و ناوەڕۆکدا، وە بابەتی ژانرەکە لەگەڵ ژینگەی ئێستادا یەکانگیر بێ.

من پێم وایە دەبێ لە ڕووی ڕووخسار و ناوەڕۆکەوە پێویستە هەوڵبدرێ و کار بکرێ بۆ نوێگەریی و داهێنان، چونکە منداڵانی ئەم سەردەمە زۆر جیاوازن بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، بەڵێ منداڵانی ئەم سەردەمە ئاشنا و ئاگادارن بە چەندان ئامێری زیرەک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، بەکارهێنەری مۆبایل و ئایپادن، وریا و چاوکراوەتر و زیاتر دەبینن و دەبیستن و دەخوێننەوە، کەواتە: هەموو شتێک لە گۆڕاندایە و دەبێ ئەدەبی منداڵانیش پشکی هەبێله‌ ئافراندن و لە تازەگەریی و گۆڕانکاريیەکاندا.

مەبەستی سەرەکی من لەم نووسینەدا، بە گرنگ زانینی ڕەخنەیە لە بواری ئەدەبیاتی منداڵاندا، بۆیە بە پێویستی دەزانم ڕەخنەگری تایبەت بە بواری ئەدەبیاتی منداڵانمان هەبێ، ناڵێم نیە و هەر هیچ نەکراوە و نەنووسراوە لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا، بەڵام پێم وایە دەبێ زۆر لەوە زیاتر بکرێ و دڵسۆزان و شارەزایان کاتەکانی ژیانیان و بەشێک لە تەمەنی به‌ نرخی خۆیان ببەخشن بەو توێژە گرنگەی کۆمەڵگە، کە لە داهاتوودا ئەو منداڵانەن دەبن بە خزمەتکارانی گەل و نیشتمان و ئەرکی بەڕێوەبردنی وڵات دەکەوێتە سەر شان و ئەستۆی ئەوان.

بۆیە دەڵێم: دەبێ ڕەخنەگران نەهێڵن هەموو شتێک بەناوی ئەدەبی منداڵان، وەک: (شیعر و چیرۆک)و هەموو ژانرەکانی تر دەرخواردی هزر و مێشکی منداڵانی کوردمان بدرێ، پێویستە کارێکی وابکەن، کە دەقی شیاو و گونجاو بۆ منداڵان، لەگەڵ دەقی کرچ و کاڵ و نائەدەبیی منداڵان جیابکرێنەوە.

بەڕاستی دەبێ کەسانێک هەبن لە بواری ڕەخنەدا، بە تەواوی پێنووسەکەیان بۆ ئەو لایەنە گرنگەی ئەدەبی منداڵان تەرخان بکەن، بەڵکو ئەدەبی منداڵانی کوردمان، وەک ئەدەبی منداڵانی وڵاتانی پێشکەوتوو، بگاتە لوتکە و ئێمەش شانازیی بە سەرکەوتنی ئەدەبیاتی منداڵانی خۆمانەوە بکەین.