فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چیرۆکەکان دووبارە دەبنەوە، هەروەک مێژوو دووبارە دەبێتەوە!

چیرۆکەکان دووبارە دەبنەوە، هەروەک مێژوو دووبارە دەبێتەوە

چیرۆکی خاتوونێکی پەناهەندە

بەیانیيەک لە دادگا، گوێبیستی ئەم داستانە بووم لەکاتی ترجەمەدا، پێش هاوسەرەرگیریمان خۆی دەکوشت گەر ئەم هاوسەرگیريیە جێبەجێ نەبا. خوێنەری بە چی ڕوویدا !

گووڵ و شەتڵەکانی ژاکاندم، گووڵدانی شکاند، یادەوەری، وێنە، و نووسینمی دڕاند، وشەکانی شێواندم. هەڕاسانی کردم، ناوی زڕاندم. پرچی ڕاکێشام، ئەوکاتەی لەخەودابووم پرچمی بڕی، تفی کردە ڕووم، شەقازلەی لە ڕوومەتمدا، جێگای پەنجەکانی لە ڕوومەتمدا خوێنی لێ دەچۆڕا، ڕومەتم بوو بە جۆگەلەی تف وخوێن. دەستم نیشانەی سووتاوی بە جگەرەکەی بوو، لاقم شووشەی شەرابە شکاوەکەی بوو، پێم شەرم بوو بچمە دەرێ جێگای لێدان لە دەم وچاو و گشت بەشێکی لەشمدا دیاربوو. پاشان بە شەق بە بۆکس پێدا دەکێشام، تا لە ڕۆيشتن کەوتم، دەیگووت سبەی هەڵدەستیتەوە، هیچ نیيە چاک دەبیت. لەبەرچاوی منداڵەکانم لێی دەدام. دەیووت لێدان و غیرە نیشانەی خۆشەویستە. من تۆم خۆش دەوێ بۆیە لێت دەدەم.

کتێبەکانی دڕاندم و پێی دەگووتم کافری، بێ ڕەوشت، بێ دین. ئەم کتێبانە ڕەوشتی تۆیان تێکدا. لە کاتی خوێندنمدا، لەپڕ دەهاتە بەر دەرگای خوێندنگاکەم، کاتی پشوو، قاوەیەکم دەخواردەوە لە کافیتریا، دەمدیت ئەو دانیشتووە، دڵم ڕادەچڵەکی، چونکە بەیانیيەکەی تەزیوەوبەفر بوو، داوام کرد بم گەیەنێ، وتی ناتوانم هیلاکم. ڕۆژی پێشتر کە لێی دابووم، چەپکێ گووڵی بۆ هێنام بۆ کۆلیج، وتی شەڕی ژن و مێرد تەنها یەک چرکەیە بە قورسی وەری مەگرە، تۆ زۆر هەستیاری دەنا ئەوە ئاساییە هەموو پیاوێ لە ژن دەدات.

 گاڵتەی بە ناو و نازناوەکەم دەرکرد، ناوی ناخوازی دوادەخستم. جل و بەرگەکانمی دەشێواند، بڕیاری بۆ دەدام چۆن بەرگ بپۆشم، پێ ی دەگووتم جوانی بۆ تۆ نیيە دەبێ شەرمەزاربیت کە جوانکاری بەکاربهێنی، چونکە پاش هاوسەرگیری ژن نابێ خۆی جوان بکات.  پاشان داوای دەکرد لەچک لەسەر بکەم پێیدەیگووتم لەچک لە تۆ جوانە،  من نیگەرانی جوانیتم.

کاتێ ژیانی خێزانییم دەست پێکرد، لە وڵات بووم، ئیتر چاوەڕێ بووم منداڵم ببێت، ساڵێک منداڵم نەبوو، هاوسەرەکەم پێی گووتم تۆ نەزۆکی، دارێکی بێبەری، داری بێبەر دەبڕدرێ، دەبێ تەڵاقت بدەم. وتم سەبر بکە کەسانێ منداڵیان هەیە، منداڵەکانیان دەمرن، ئەوە چارەنووسە. وەڵامی دامەوە وتی چارەنووس نيیە، ئەوە تۆی، تەمەننا دەکەم منداڵێکم ببێ و بگاتە بیست وپێنج ساڵ وبمری. گرنگ ئەوەیە منداڵم بێت.  تۆ منداڵت نابێ گەر تا ساڵێک تر منداڵت نەبێ تەڵاقت دەدەم. کاتی دووگیان بووم، بێزووم دەکرد، خواردنی دێنا لەپێش چاوم دەیخوارد، بەشی منی دەخستە سەتڵی خۆڵ، من بەبرسیەتی دەمامەوە، دەیگووت بڕۆ دەریبێنەرەوە لە خاشاک و بیخۆ بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕی. پاش بوونی منداڵەکانم دەیترساندنم بەوەی منداڵەکانم لێ دەستێنێ ویاسايش لەگەڵیەتی. دەیگووت درۆیەکی یاسای دروست دەکەم وچوار شایەت بەکرێ دەگرم، دەیانهێنم بۆ دادگا تا بڵێن کە تۆ بێ ڕەوشتی، پارەیان دەدەمێ بۆ وەی ئەو کارە بکەن. لە نەخۆشخانە، نامەیەک لە پسپۆڕی دەرونی وەردەگرم کە عەقڵت تەواو نيیە منداڵت پێ بەخێوناکرێ. بەڵگەکان دەدەم بە دادگا.  

کاتی منداڵەکەم کەوتە سەرپێ وزمانی گرت، بە منداڵەکەمی وت بە دایکت بڵی (قەحپە) پاشان ڕۆژانەت دەدەمێ. دوا جار پەیامی کوشتنمی دا بەگویێ منداڵەکمدا کە پێم ڕابگەیەنێ. نەخۆش کەوتم لە نەخوشخانە کەوتم دەڕشامەوە لەبەر تووندڕەوی و ئازاردانی مێشک وجەستەم. هاوسەرەکەم هەردوو منداڵەکەمی دەهێنا بەردەرگای ژوورەکەم، دەیگووت، پێبکەنن بەدایکتان لاسایی کەنەوە کە دەڕشێتەوە، هەردوکیان وەک مەیمون هەڵدەپەڕین لاساییان دەکردمەوە. دەیان گووت ئووع، ئووع، پێیان دەگووتم بۆ باوکم توڕە دەکەی، هەمووی خەتای تۆیە بۆ نایەڵی لێتدا، جگە لە لێدان ئەو چی لە تۆ کردووە؟ بۆ لێی ناگەڕێی؟

 لەو کاتەدا کە لەگەڵمان دەژیا، بەیانیان هیلاک وماندوو بوو،  بەزۆر هەڵدەستا دەیگووت نەنووستم لە مەراقی تۆ، ناتوانم منداڵەکان ببەمە دایەنگە ئەوە کاری تۆیە، کاری ژنە دەبێ بیکەی. شەوانە نەدەهاتەوە ماڵ. گەر بە ڕێکەوت لە ماڵ دەبوو، جگەرەکەی دادەگیرساند، ستەم بوو بێتە سەر جێگە تا نزیکی بەیان. دەیگووت لەمەراقی تۆ جگەرە دەکێشم، مەشروب دەخۆمەوە. تۆ هۆکاری خووە خراپەکانی منیت. گەر تۆ نەبای من چارەنووسێکی باشترم دەبوو. تۆی لەژیانمدا خاڵی ڕەشی. تۆ ئازایەتیت تێدا نیيە ئەوە من دەچمە دادگا داوای جیابوونەوە دەکەم، لەڕێگە توشی کارەساتی ئوتومبیل بووم، ئەوەيش بە خەتای تۆی دەزانم.

کاتێ بەڕۆژ لەماڵ دەبوو، هەمیشە پێم پێدەکەنی، نووکتەکانی لەسەر هەموو جوڵانەوەیەکی من بوو، تەنانەت گەر نەرمە کۆکەم با ئەو پێم پێدەکەنی.  پێی دەگووتم نەخۆشی سیلتە. کە وەڵامی تەلەفۆنم دەدایەوە ناوی خۆم دەووت، دەیووت تۆی بێڕەوشت بەس ناوەکەت بڵێی هەموو کەس دەتناسێ. کاتێ لەگەڵ هاوڕێیەکم دەدووام، دەهاتە بەرامبەرم لاسایی دەکردمەوە پاشان جنێوی دەدا بە هاوڕێکەم، و دەیگووت ئەویش وەک تۆ بێ ڕەوشتە دەنا هاوڕێیەتیت ناکات.

گەر بەڕێکەوت بچوینایە بۆ ئاهەنگێ لە نێوەندی ئاهەنگەکە دەیکردە شەڕ، دەیگووت دەبێ بڕۆین، یان هێندە سەرخۆش دەبوو ئوتومبێلی پێ لێنەدەخوڕدرا. دەبا لەگەڵ منداڵەکانم بە تەکسی بێینەوە ماڵ. گەر بچوباینایە بۆ میوانی ئەو لەگەڵ سەرخۆشەکان سەری گەرم دەکرد.  من لەگەڵ دوو منداڵە ساواکەم یان دەبا لەو ماڵە نەناسە بماباین یان بە تەکسی بگەڕاینەوە ماڵ. ڕۆژی دوای هاوسەرەکەم دەگەڕایەوە بەگیرفانی خاڵی، دەستی ماچ دەکردم کرنووشی دەبرد دەیگووت ئەم جارە ڕێکەوت بوو. تۆ بڕێ پارەم بدەرێ کێشەکە چارەسەر دەکەم. هەندێ جاریش بە هەفتە دیار نەدەما لەپڕ دەهاتەوە، ڕووخاو، زەلیل، دەکەوت بەدەمدا پاش یەک دوو ڕۆژ هەڵدەستا.

 پاش ئەم ژیانە تاڵە، کە ژیانی من و منداڵەکانم لەمەترسیدابوو، من داوای جیابوونەوەم کرد تا بەختی ئەو سپی بێت کە من بوومە هۆی  بەخت ڕەشی و خووە خراپەکانی و ناڕەحەتی، با جودا بینەوە. ئەو بەمنی دەگووت هەی بەدفەڕی خائن تۆ دەتەوێ لەگەڵ پیاوێکی تر بیت بۆیە داوای تەڵاق دەکەی. جیابیتەوە دەتکوژم، پەیامی کوشتنم بووە بەڵێن.  هاوسەر دەیگووت: گەر من نەبام کێ کەچەلێکی وەک تۆی دێنا، من خێرم پێکردی هاوسەرگیریم لەگەڵ کردی. ئەو پیاوەيش کە تۆی بوێ پێت ڕادەبوێری کەس هاوسەرگیریت لەگەڵ ناکات من بەخێر خۆم تۆم کردە هاوسەرم.

 هەڕەشەی کوشتنی لێکردم، گەر بۆ چرکەیەک بیرکەمەوە لەو جیابمەوە، وە یان بڕۆم. هەڕەشەی لێسەندنەوەی منداڵەکانمی لێکردم. وتی ڕاپۆرت دەدەم کە تۆ نەخۆشێکی دەروونیت، شێتی ناتوانی پەروەردەی منداڵ بکەی. ناسنامەو بڕوانامەو پێویستیەکانی شاردمەوەو دەرگای لێ کلیل دام، وتی نابێ بڕۆی، پارەو مەسرەفی بڕیبووم،  دەبوایە من بەرپرس بم لە هەموو پێدا ویستی ماڵ و منداڵ. دەیگووت ژن تەنها بۆ شەوێکی خەوە،  پاشان بۆ لێدان، ژن عەقڵی لەناوگەڵیدایە.  نامەی نارد بۆ براکەم، تێدا نووسیبووی لەش فرۆشێکی بێڕەوشت هاوسەرمە هەر شەوە پیاوێک دێنێتەوە کوشتنی حەڵاڵە. پاشان چەند جارێ بردمیە سەر هێڵی خێرا دەیگووت دەتبەم بۆ سەفەر وسەیرانگا، من دەگۆڕێم، پێکەوە ژیان دەبەینەوە سەر. چەند جارێک لەسەر هێڵی خێراویستی بم کوژێ فڕێمدا، بەخێرای لێی دەخوڕی و نزیک دەبوو لە دۆڵ وشیوو، دەیگووت، ئێستا پێکەوە دەڕۆین، دەیگووت پێکەوە دەمرین، نابێ لێم جودا بیتەوە لە مردنیشدا پێکەوەبین.

 شکاتی کرد لە دەوڵەت، لە دەزگای کۆچ وپەنابەران، تاوانباری کردم کە من ئەوم هەڵخەڵەتاندوە کە هێناومەتە دەرەوەی وڵات. وەزیری پەنابەران بانگێشی کردم چۆن من هاوسەرم هەڵدەخەڵەتێنم، کێ پارەی سەفەری دا؟ وتم من، کەیسی کێ بوو؟ وتم من.

فەرموو ئاغا بڕۆرەوە پارەی گەڕاندوە بۆ وڵات وە بلیتی تەیارە  و سەلامەتی گەشتنت لەسەر ئێمەیە، بۆ تۆ منداڵی هەڵخەتێی، فەرموو بڕۆ. کەیسی تۆ نیە، کەیسی هاوژینەکەتە، تۆ ژیانت لەخەتەردا نیە بگەڕێوە. ئەو لەو کاتەدا دەلەزی وتی نا من مەبەستم ئەوە نەبوو بمگێڕنەوە  وڵات، هەر ویستم ئەوە بڵێم کە خەڵەتاوم هاوژینەکەم بێڕەوشتە.

جەنابی وەزیر وتی گەر زوو ئێرە جێنەهێڵی دەستگیرت دەکەم چونکە کاتی ئێمە بەفیرۆ دەدەی، یان بڕۆ دەرەرەوە، یان فۆڕمی گەڕانەوە پڕکەرەوە با نەخەڵەتێی.  وە داوای لێبووردن لە هاوژینەکەت بکە کە ئەرکی هیێنانە دەرەوەی تۆی گرتۆتە ئەستۆ.  پارەی سەفەرەکەی داوە، ژیانی تۆ و منداڵەکانی ڕزگار کردوە. ئەو بەپەلە ڕۆشت، بەڵام شەرمەزار نەبوو. پاش ئەوەی هاتەدەرێ، وتی لەش فرۆشێکی وەک تۆ لەدەرگاوە دەناسرێ، وەزیر چاو بازبوو ویستی من ڕەوانەکاتەوە تا خۆی لەگەڵت ڕابوێرێ. 

ئەو پزیشکێکی زرنگ بوو لە کارەکەی، لە دیدی کۆمەڵگا، ستەم بوو دکتۆر بە هەڵە من ناوزەند کات.

پۆلیس چەند جار گرتی لەسەر ئەوەی لە من دەدا لەشوێنی گشتی ولەشەقام. بەند کرا و دوور خرایەوە لەماڵ بە دزیەوە دەهاتەوە ماڵێ دەیگووت گەر بە پۆلیس بڵێ من لێرەم دەتکوژم. دەبێ لەگەلم بنووی وەک ئەوەی لەگەڵ پۆلیس و کارمەندکانی ئێرە دەستت تێکەڵ کردوە بۆ ئەوەی ڕابوێری لەگەڵیان بۆیە منت وەدەرنا. بەلێدان پێت دەکەم گەر بەخۆشی خۆت لەگەڵم نەبی. من چەندان جار بەلێدان لەگەڵ هاوسەرەکەم بووم. پاشان پێی دەگووتم ئەوە واجبی تۆیە نابێ بێ ئەمری من بکەی. گەر بەخۆشی نەبوو دەبێ بە لێدان لەگەڵتدا بکەم.

 من ڕاماووم: پێش هاوسەرەرگیریمان خۆی دەکوشت گەر ئەم هاوسەرگیریە جێبەجێ نەبێت. پاش هاوسەرگیری، پێی دەگووتم گەر من نەبام، کەچەڵێکی ناشرین، بەدفەر، بێ ڕەوشتی کێ تۆی دەخواست. من خێرم پێکردی، ئێستا پەشیمانم لە هاوسەرگیری، کێ ئامادەبوو تۆ بکاتە خێزانی خۆی من نەبام. بەڵام چیبکەم ئەم چارە نووسە ڕەشە کە توشی تۆ بووم، تۆی شووم، دەبێ قبوڵی کەم. یان خۆت بڕۆ جیابەوە. دادگا هەیە برۆ لەکۆڵم بەرەوە.

من پاش ئەو هەموو کارەساتانە جیابوومەوە، کە جیابوومەوە، دووبارە هەرەشەی کوشتن، یان خۆی دەکوژێ یان من، بۆ دەبێ خۆی بکوژێ لە جودایی من؟ کە من بومەتە هۆکاری گشت ناخۆشیەکانی ژیانی، وە خووە خراپەکانی، جگەرەکێشان، مەی خواردنەوە، قومارکردن ئیتر بۆ منی دەوێ؟  فرمێسکەکانی سڕیەوە، من وەک تەرجمانێ فرمێسکی خۆم شاردەوە تا چیرۆکەکەم وەرگێڕا بۆ زمانی ئنگلیزی. پاشان خاتوونەکە سەری بڵند کردو ڕووی کردە من وتی: من سەرم سوڕماوە! تۆ وەڵامت چیە بۆ من؟ من ڕاماوم،  هاوسەری خۆکوژ نەخۆشە؟  یاخود من؟ من وەڵامم دایەوە وتم خاتوونی ئازیز، من نامۆ نیم بەچیرۆکەکەت، بەڵام کاری من لێرە ئەوەیە تەنها وتەکانی تۆ تەرجەمە بکەم و بیدەم بەدادوەر. من وەک تەرجمان، دەبێ تەنها گوێگرێکی باش بم. ماف نادەم بەخۆم ڕای خۆم بدەم. 

 ئەم چیرۆکە دەسکرد نیە، ئەمە چیرۆکێکی ڕاستەقینەی خاتوونێکی پەناهەندەیە، من تەرجمانی بووم لە دادگا لە زمانی کوردیەوە پەیامی خاتوونەکەم لەگەڵ کۆمەڵی دۆکیومەنت وەرگێڕا بۆ زمانی ئنگلیزی. گەلێ چیرۆکی لەو جۆرەم وەرگێڕاوە، ئەوە تەنها چیرۆک نیە. هەروەک مێژوو دووبارە دەبێتەوە، لەناوچەی جیاوازدا، چیرۆکەکانیش لە کات وشوێنی جودا دووبارە دەبنەوە، هەمان چیرۆک لەکەسانی جودا ڕوودەدەن.

ئەمە چیرۆکی منە دەگێڕدرێتەوە بەزمانی پەناهەندەیەک، من گوێبیستیم، لێرەدا من وەرگێڕ نیم، نووسەرم.

کاتی جیابوونەوەم چوومە لای پارێزەر بۆ جیابوونەوە، تا وەرەقەی تەلاق وەرگرم. ژنە پارێزەرەکە فرمێسکەکانی دەسڕیەوە، پرسیارم کرد تۆ بۆ دەگری ئەوە چیرۆکی منە، پارێزەر وتی: من نامۆ نیم بە چیرۆکەکەت، چیرۆکی منە بە زمانی تۆ دەگێڕێتەوە. چیرۆکەکان دووبارەن لە کات وشوێنی جودا.

 

چرۆ زەند، کەنەدا

January 12, 2022