فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پێکەنین لەناو ئینجانەی ژیان بڕوێنێ!

پێکەنین لەناو ئینجانەی ژیان بڕوێنێ!

ھیوا کەریم مەلا/ شاعیر/  ھەولێر

ژینوار
هەمیشە خەونی
بە دەستێکەوە دەدەیت
دەستێک
بە ئەنگوستی
سەری کەپووی پێ بخورێنێ،
تبلی وەک ددانی شانە
لەناو پرچی زارۆکەکان بێتوبچێ،
پلی حەق و
شایەدوومان درێژ بکات،
دەستێک
ئارەقەی نێوچەوانی پێ بسڕێتەوە
ئاوزێنەی پێڵاوەکانی تووند بکاتەوە
دۆقەیەکی پڕ ئەڤین و
پڕ جڤین و پڕ لڤین پێ بکات،
***
ژیلەمۆ
هەموو گاو
خەیاڵی بە قاچێکەوە قاڵ بوو،
قاچێک
با گۆریەکەی خۆڵەمێشی بێ
با پێڵاوەکانی (چووپلێس) و بە پینەبن،
با هەر هیچ نەبێ
هەتا دەرگای حەوشە بیبات
لە سەر پێخەڤەکەی کۆمەکی بکات،
***
ژیاد
هەردەم
بیری بە چاوێکەوە تەندرا بوو
چاوێک
سێبەرەکانی نامورادی
بە سەرپشتی ڕۆژەکانی تەفسیر بکات،
گەردیلەکانی کڵاوڕۆژنە
بخاتە ناو تێنووسی بوون،
‌***
ژیناس
هەموو کات
گوێیەکانی بۆ دەنگێک قولاخ کردبوو
دەنگێک
پێکەنین لەناو
ئینجانەی ژیان بڕوێنێ،
ستران ئاوێتەی گیانمان بکات
غەزەل بڕژێنتە بوونمان.