فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دووبارە ڕۆیشتن

دووبارە ڕۆیشتن

سۆران ساڵح/ شاعیر/ ھەولێر

 

وەک شەوێکی تاریک ڕۆیشتی
نەگەڕانەوەت،فڕێدانم بوو
بۆ باوەشی ڕووناکییه ساختەکان
لە یادمە هیچ شەقامێک سۆزی بۆ قاچەکانم نەدەجولا
کە وەک شوشەیەکی بەتاڵ غلۆر دەبوومەوە
تەنیا مامەوە لە ناوەڕاستی ئەم کۆڵانە
وەک دارێکی ڕووت
ئەو چۆلەکانەی چاوەڕێیان بووین
میوانێکی هەمیشەیی نەبوون
ڕۆیشتم وکەوتمە دوای شوێن پێیەکی هەڵە
هەنگاوێکی لەرزۆک قاچەکانم دەگێڕن
بۆ ئەوەی دەستێک بەسەر ئەم ترسە دابگرم
بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانم نەبێت بە قەبرێکی درێژ
سێەبەرێکی تەنیام بە ماڵ زانی
کەچی هاژەی ئۆتۆمۆبێلە ترسناکەکان شەو نییە
بەسەر سەرما نەڕوات و
لە کۆتایی ئەم شیعرە دا نەمکات بە دوو پارچه