من و هاوڕێم، تەنیایی …
نەسرین تەنیا/ شاعیر/ سلێمانی
ماوەیەکە تەنیایی گڕوم پێ دەگرێ و
بێزارە
نامدوێنێ و کونجی تەنیایی گرتووە
ساڵانێکە من بیمارم و
ئەو حەکیم
بە لێبوردەیی و بێدەنگی
ئارامی پێ بەخشیم
هاندەرم بوو بۆ دۆزینەوەی خۆم و
بەهرەکانم
بێ بەرانبەر
بەرەو لوتکە پەلکێشی کردم
لە گەڵ خەم و ئازارەکانمدا ژیا و
سکاڵای نەکرد
بە چرکە جێی نەهێشتم
نە لە ئاپۆرەی شەقام
نە بازاڕ و بۆنەکاندا
لە تەمتوومانی خەیاڵەکانم و
هەناسەی ساردی پێخەفەکەمدا
مەلەی دەکرد
ئاوازی تەنیایی دەچڕی و
ئاوێتەی گلارە فرمێسکەکانم
لە نووکی پێنووسەکەمەوە
خۆی دەخزاندە
دێڕ بە دێڕی شیعرەکانم
تاکو توانی،
لە وشە نەوتراوەکانی
هزری داگیر کراوم
کراسی ئازادی…
پڕ بە باڵای ژنێتیم بدوورێ و
چەپکە گوڵی یاخی بوونم پێ ببەخشێ.
بەڵام ئێستاکە
گڕوم پێدەگرێ و
دەڵێ
من کە بوومە هاوڕێت
ویستم سوود و
جوانیەکانی ژیانی تەنیاییت
پێ بناسێنم
ویستم
کاتەکانت پڕ بکەم لە
وشەی جوان
بیرکردنەوەی فراوان
خوێندنەوەی
کتێبە بەسوودەکان
کەسایەتیە سەرکەوتوەکان و
ئازارەکانیان
ویستم
کۆڵانە تەنگەکانی
مێشکی ماندووت
پڕ بکەم لە
ئاپۆڕەی شەقامە زیندووەکانی
ڕەنگاو ڕەنگ و
هاوڕا و هاودەنگت بم لە بۆنەکاندا.
ویستم
بریسکەی چاوەکانت
لە شەوقی مانگ
بدرەوشێ و
لە مێردەزمەی تاریکی
دوورت بخمەوە.
لەبەر ئەوە ویستم
هەر من و تۆ بین
کەسی سێهەم
پلانەکەم تێک نەدا و
ڕێسەکەم نەکاتەوە بە خوری
بەڵام دەبینم تۆ
بیر کردنەوەت
فراوانتر لە فراوانە و
تێگەیشتن و زانست
ڕۆژ بە ڕۆژ
تەنیاترت دەکات
بێ باوەڕی پەرژینی
هەستە شاراوەکانتی داوە
ناهێڵی پێکەنینە جوانەکانی
خونچەی لێوەکانت
بۆ بەرانبەرەکەت چرۆ بکات
کاتێ دەبینم لە تەنیاییدا
چەن ئازار دەکێشی و
ترس و بێ باوەڕی
ڕێگری لە بەختەوەریت دەکات
خۆم بە تاوانبار دەزانم
لە بەر ئەوەیە
بێزارم و
گڕوت پێ دەگرم
بەڵکو
تۆش لە من بێزار بیتوو
کۆتایی بە شەوە زەنگی تەنیایی بهێنیت.