بەدحاڵیبوون
كورته چیرۆک
عەلی عەزیز/ چیرۆکنووس/ سلێمانی
دوای ساڵانێکی زۆر لەڕەتکردنەوەی بیرۆکەی هاوسەرگیری ، ئەم ئێوارەیە بڕیارمدا هاوسەرگیری بکەم ، لەبەردەم هێمای سووری تڕافیکەکە ئۆتۆمبیلەکەم وەستاند ، ئۆتۆمبیلە سپیەکەی پێش ئۆتۆمبیلەکەی سایدی تەنیشتم ، پرچ درێژیکی تیادابوو بیرکردنەوەی گۆڕیم ، من هێشتا ڕوویم نەدی بوو بەڵام بیرم لەوە دەکردەوە چۆن پێی بڵێم حەز ئەکەم بتناسم ، نازانم چۆن بۆ ساتێک لە چەخماخەی گڕ تیژتر ، هەستم کرد ئەم کچە شۆفێرە کە جگە لەو قژە ڕەش وبریقەدارە هیچی ترم لەبارەیەوە نەدەزانی ، دەبێتە هاوسەرم و ژیانی خاڵیم لە هەموو شتێک ، پڕ دەکات لە
خۆشبەختی ، بیرم لەوە کردەوە
چۆن دەست پێبکەم ، ئاخر هەموو
دەست پێکردنێک قورسە ، وتم
ژمارەی موبایلەکەم لە سەر کاغەزێک دەنوسم و وەک هەر هەرزەکارێک بۆی هەڵدەدەمە کۆشییەوە ، بەڵام هەر زوو ئەم بیرۆکەیەم پوچەڵ کردەوە ، نەک لەبەر ئەوەی بۆ منێکی سی و حەوت ساڵە شتی وا جوان نییە ، بەڵکوو بەشیاوی نازانم کەسێک نیازی هاوسەرگیری بێت و بەمجۆرە دەست پێبکات ، ئەی باشە چۆنە دوای بکەوم تا ئەو شوێنەی بۆی دەچێت و دابەزم ودوای سڵاو بڵێم : خاتوونی بەڕێز ئەکرێ یەکتر بناسین ؟ ئەی
ئەگەر وتی نەخێر چی ؟! لەپڕ کۆمەڵێک بیری ڕەشبینانەم بەخەیاڵدا هات ، تۆ بڵێی هاوسەرگیری کردبێت؟! یان لەوانەیە دەزگیراندار بێت ، بەدووریشی نازانم لە مێردەکەی جیابووبێتەوە ؟! یان هاوسەرەکەی مردووە و دوو هەتیوو بەخێو دەکات ، بەڵام هەر زوو تەختەی ڕەشی بیرکردنەوەم لەو گریمانانە ڕەش دەکردەوە ، کەچی دیسان شتی ترم بە خەیاڵدا دەهات ، دەمووت گریمان کچە و هێشتا هاوسەرگیری نەکردووە ، بەڵام لەوانەیە کەم ئەندام بێت ، هەر زوویش وەڵامی خۆمم دەدایەوە ، جا چییە مەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت مرۆڤ نییە !! یان دەمووت ڕەنگە لایەک لەڕووی سوتابێت ، هەر خۆشم وەڵامی خۆمم دەدایەوە ، جا چییە ، ئەوەی ئێستا زۆر بێت پزیشکی جوانکارییە ، دەرئەنجام دڵنیا بووم هەر ئەم بیرکردنەوە خراپانەیە تا ئێستا نەیانهێشتووە هاوسەرگیری بکەم ، بۆیە بڕیارمدا جگە لەدەست پێکردنێکی دروست بیر لەهیچ شتێکی تر نەکەمەوە ، هۆڕنی ئۆتۆمبێلی دواوەم ڕایچڵەکاندم ، زانیم هێماکە گۆڕاوە ، لێخوڕینم تیژترکرد تا بگەمە ئۆتۆمبێلە سوورەکە ، زۆر نەڕۆیشتین ، ئەو لای مارکێتێک خاوی کردەوە و ، منیش گەیشتمە تەنیشتی ، ڕووم بۆ لای ، بووکی قژ ڕەشی خەون خەیاڵم وەرچەرخاند ، بینیم خاون سمێڵ وساکسوکەیە.