“هەسربار”
بەفرین شەرەفکەندی/ نووسەر/ مەھاباد
بەرەبەری بەیانە و هەمیسان شەونەخونی خزاوەتە ژوورەکەم و وەک مۆتەکە بەربینگی پێ گرتووم و خەوی ڵێ زڕاندووم!
سەرلەنوێ سواری ئەسپی خەیاڵم و بیرەوەرییەکانمی پێ تاو دەدەم و وازوو بەتەمای دابەزین نیم!
چاوم بێ ترووکاندن لە جێی خاڵی بڕیوە!
دڕکێکی بێ دەرەتان تا گیانەمەژگم دێ و دەڕوا و تیژ لە ناخم ڕۆدەچێ و برینێکی بەژان و ئۆڤ میوانی ماڵی دڵم دەکات، نانا ئیتر بۆتە خاوەنماڵ و خانەخوێ نیشتەجێی ڕوح و ڕەوانمە!
کراسەکەی ویم لەبەر دایە، هەر دوو باسکم توند لە نێوقەدی سەنیرەکەی هاڵاندووە و بێ هەستوخوست لە ئامێزم گرتووە و ڕچاو نیگام سپی بووە لە سەر قابی وێنەکەی، چەند دڵۆپ فرمێسک لەسەر گۆنام ڕێچکەیان بەست و خولۆر کەوتنە سەر سەنیرەکە!
بە دەنگی بانگی بەیان ڕایەڵەی بیرەوەرییەکانم دەپسێن و قرچەپێ هەڵدەستم و دەستێک بە سەنیرەکەی دادێنم و لەسەر جێی خۆی دادەنێمەوە، بێ ئۆقرە پێ پێ لەوسەری دیوەکەمڕا بۆ ئەوسەری دەڕۆم و تاوناتاوێک باو دەدەم بەلاق و هەنگاوەکانم توند دەکەم و سەرشێواو بە دەوری خۆمدا دەخولێمەوە، بۆ لای مێزی جوانکارێکەم دەڕۆم؛ لەبیرم نایە کە لە کەنگێوە چاوم لە ئاوێنە نەکردووە، ڕەنگە بترسێم لەوەی کە لە نێو بیلبیلەی چاومدا شوێن پێی بەجێ مابێت و کڵپەی ناخی پڕ ئاخم پتر هەڵپڕوزێنێ و دووکەڵەکەی بمباتەوە ڕۆژانی پێکەوەبوونمان؛ ئەوکاتانەی ژیان ڕووخۆش بوو لەگەڵم، ئەودەمەی کە لە یەکم دیدار؛ شەتڵی ئەوینی لە دێراوی زەوی زەینم دا چەقاند!
لەبیرم نایە پێی کوتبێم خۆشم دەوێی، بەڵام لەبیرم ناچێ هەڵسوکەوتەکانی چۆن پڕ بوون لە بۆن و بەرامەی خۆشەویستی و ئەوینداری!
ئیتر بۆم گرینگ نییە جوانی ڕووخسارم، گرینگ نییە تاڵ بە تاڵی ئەگریجەکانم لوول بخۆن و پەخشان ئامبازی سەر سێوەنگم بن و لەگەڵ ڕەوتی ڕۆیشتنم بیکەنە سەرچۆپی و داغە!
هەسربار سەرم هەڵێنا؛ چاوم پێ کەوتن قرژن و ئاڵۆز تێکهاڵاون، هەناسەیەکی تاڵ هەڵدەکێشم!ـ
کچێ خۆ دیسان دەزووددانەکەت لەبیر چووە داینێیە سەر سفرەی؟
دەستم لەسەر ڕانم دادەنێم کە هەستم بچم بۆی بێنم، دەستی لەسەر دەستم دادەنێ و دەڵێ: ــ هەڵمەستە، دەزووددانێکی چاکم پێ شک دێ و هەر ئێستا لەبەر دەستمە!
بە دەستەسڕێک پەنجەکانی و دەمولوتی خاوێن دەکاتەوە، سەرم بۆ لای ئامێزی دەبا و ماچێکی لەسەر دەخوڵقێنێت، تاڵەموویەکی بە ئارامی دەردەکێشێت و ڕاحەت بە مەیلی خۆی کەلێن و کولێنی ددانی پێ خاوێن دەکاتەوە!
یەکەمجار بە دیتنی ئەم دیمەنە بەڵاجەوی کوتم: ئەیڕۆ ماڵتە چۆنت بێزدێ؟!ْ
لەوڵامددا
کوتی: مەستی بادەی تاڵی مووتم؛ چۆنم بێزنایە!
سەیرکە خاوێنترینە، بۆنخۆشترینە، لە چەشنی مەی؛ سەرخۆشی خۆش و مەستی مەستم دەکات!
بە مینگە مینگ لەگەڵ خۆم قسان دەکم: لێیگەڕێ با بەژن و باڵام هەرچۆنێک دەبێ باببێ ئیتر ڕێکوپێکی، ڕێختەوپێختە و کۆکوپۆشتە لەلام بێ بایەخن!
ئۆتکڵۆنەکەی دەست دەدەمێ، چوار دەوری دیوەکەم بە عەترەکەی بۆندار دەکەم چاوم دەبستم و بۆنەکەی قووڵ هەڵدەمژم؛ سووک و تاڵە، گڕی دەروونم فێنک دەکاتەوە و دەسبەجێ دەمباتەوە جێ ژوانگەی جاران و بۆن و بەرامەی هەلەزە، تەهتاوک، سێو، پرتەقاڵ، ئاناناس و بیباری چێرەیم بیر دێنێتەوە و تامێکی شیرین لە جێژوانی ڕابردووم پێ دەبخشێتەوە؛ دوابەدوای وی بۆنی جوراوجۆری دار بۆ منی شەیدا بەجێ دێڵێ! دیسان خولێک بە دەوری خۆمدا دەسووڕێم، ئەوجار بۆ لای کۆمۆددیوارەکە دەچم و دەیکەمەوە، چاوێک بە جلوبەرگەکانیدا دەخشێنم؛ دانە بە دانە پەنجەکانمی پێ دادێنم، دەڵێی دەمهەوێ دەستێک جلکی بۆ هەڵبژێرم بۆ لەبەر کردنی؛ ڕێک وەک ئەوکاتانەی کە دەچوو بۆ گەرماوە و ئەمن لە پشت دەرکە لیوانێک ئاوپرتقاڵ بەدەست چاوەڕوانیم دەکرد هەتا دەهاتە دەر!دەنکێک جگەرەی ماڕبڕۆی عەڕەبیم داگیرساندووە و لەسەر مێزەکە لە نێو ژێر سیغارەکەم ناوە هەتا وردە وردە بۆخۆی وەک هەناوم بسووتێ و دووکەڵ لەگەڵ عەترەکەی تێکەڵاوی ژوورەکەم بن بەشکوو زۆرتر هەست بە بوونی بکەم و نەبوونی کەم ڕەنگتر بێت.لەوبەری دەلاقەکە لەبن دارە بییەکەی حەسار ڕاوەستاوە و مژ لەسەر مژ لە جگەرەکە دەدا، پەردەکە دادەدەمەوە و کرژ دەچم لە پەنای ڕادەوەستم؛ نێوچاوان گرژ جگەرەکەی لە دەم دەردێنم، وەک پاڕانەوە بەدەنگێکی بۆغزداروە دەڵێم: جگەرە مەکێشە چەند جار بڵێم خراپە سییەکانت ڕەشتر دەکات!
ڕۆدەنیشێتە سەر کورسێکەی بن دارەبییەکە، دەستم دەگرێ و بۆلای خۆیم ڕادەکێشێ و لەسەر ڕانی چەپیم دادەنێ، باسکی لە نێوقەدم دەهاڵێنێ، کۆخە کۆخ، بە دەنگێکی بەم لەبن گوێم دا چپاندی: ئەی چ بکێشم؛ پێت چۆنە لەمەوبەدواوە گوڵ بکێشم؟
شنەبای فێنکی پایز، نەرم و نیان بەدەورەماندا دێ و دەچێ!
گوڵبزە لەسەر لێومن؛لێوەکانی ترینگانەوە.نمەنمەی باران دەستی پێ کرد، ئەمن بووم و ئەتۆ بووی و دارە پیرە شۆڕەبێکە و بۆنی هەست بزوێنی لەشت تێکەڵاوی جگەرەکە و بۆنی خۆڵی باران کوتاو! پەنجەکانی گرێ دەدەم بە پەنجەکانمەوە و تکای لێ دەکم:ــ کوڕە مەردی خودای بە و وازی لێ بێنە؛ دەنا وەرە لە باتیجگەرە ڕوحی من بکێشە!لێوێکی داغ هەنارمژ دەکات لێوێکی ئاڵ!
گۆی زەوی چەند خولەکێک دەبێ بێجووڵەیە و لە خولانەوە وەستاوە! دەنگی بێوچانی کۆخەی تێکەڵ بە خوێن ڕاوێچکەیانە و لە نێو گوێم دا دەزرینگێنەوە! ئۆدکڵۆنەکەی دادەنێمەوە سەر جێی خۆی، جگەرەکە تەواو سووتاوە؛ تەنیا قوونچکەکەیەتی کە بەجێ ماوە.ئێوارەیکی درەنگە؛ تارمایی وەک جۆڵاتەنە دەوران دەوری ژووری پشکنینی دوکتووری تەنیوە! تەشیشی و دڵ بە گەرداوی حەجمینی لێ هەڵگرتووم و چرکە ساتەکانمی هاویشتۆتە ناو جەغزی ئاورێکی زامدارەوە! چاوم لە دەمی دوکتوور بڕیوە،دکتوور سەری سپی هەڵێنا و چاوی لەسەر بەرگەی تاقیکاریی پزیشکی هەڵگرت و ئەکسی ڕەنگی سییەکانی دەستدایە؛ هەستا سەر پێی و لەبەر تیشکی نێگاتۆسکۆپەکەی ڕاگرت؛ چەند خولەک چاوی زیتی تێ بڕی، سەری ڕاوەشاند، و بەندی دڵمی پێ پساند! چاویلکەکانی لە چاوی دەرهێنا و بە کۆمتن هاتەوە سەر کورسێکەی و دانیشت، بەدەنگێکی گڕ بە ڕاشکاوی کوتی: پێشتریش داوام لێ کردبوون بەهیچ کلۆجێک نابێ بۆنی جگەرە و بۆنخۆشکەرەکانی بۆ بێ چون سییەکانی تەواو ڕەش بوون؛ ئەگەر زۆر خۆڕاگر بێ تەنیا چەند وەرزی دی دەتوانێ بژی!!! ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــڕچاو = افسردە
هەسربار = باحسرت
سێوەنگ = کمر
هەلەزە = زنجبیل
تەهتاوک = نعنا صحرایی
بەڵاجەوی = با تعجبگیانە
مەژگ = مغز استخوان
جۆڵاتەنە = تارعنکبووت
تەشیشی = انتظار همراە با نگرانی
بە کۆمتن = لنگانلنگان