فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەنیسکی ئارەزوو

#هەنیسکی_ئارەزوو

ئەیوب ئەحمەد تینووکۆکەیی/ شاعیر/  بۆکان

 

لەشم ڕۆیی و دڵم هەر وا لە کۆڵانت بەجێماوە
هەناسەی سەردی ئاواتم لە جێژوانت بەجێماوە

مەلی هەستم پەڕیوەی دەرک و بانی ماڵەکەی تۆیە
پەپوولەی ڕووحی سەرشێتم لە هەیوانت بەجێماوە

دەبێ خۆت تۆزتەکێن کەی کاتی هاتن بۆ شەقامی شار
کوڵی گریانی شێعرێکم  لە سەرشانت بەجێماوە

لە ئاوێنەی حەزم جوانێ ئەگەر سەیرێکی حاڵت کەی
مەزەی ماچم لە سەر کوڵمی شەق و جوانت بەجێماوە

ئەها نازێ لەبیرم چوو  کە پێت بێژم کە جێتهێشتم
پەپوولەی سەد حەز و بریام  لە داوانت بەجێماوە

چلون حاشا دەکەی  ئاخر لە ناسینم؟ نەمامی ژین
هەنیسکی  ئارەزۆکانم  لە سەر ڕانت بەجێماوە

شکا شووشەی دڵم  هێندت لە بەردی بێ وەفایی دا
کەڵەی جەوری ڕق و کینێک لە تاوانت بەجێماوه

گڕت بەردا لە جەرگ و دڵ  دەبرژێم چەشنی بریانی
خەلووزی تاسەکانی من  لە گڕکانت بەجێماوە

بەهارێک بوو تەمەن ئەودەم لەگەڵ تۆدا بەسەرچوو لێم
کەسیرەی سەردی بێ مەیلی لە جستانت بەجێماوە

کەلامی ئاخری تینوو بە دڵ گوێ بگرە ئازیزم
وشەی سەردی جەفاکاری لە پەیمانت بەجێماوە

#ئەیوب_ئەحمەدی
#تینوو_کۆکەیی
16ڕێبەندانی 403

پێشکەش بەو کەسەی کە هەم مانای ژینی پێ بەخشیم هەم تامی مەرگی پێ چێشتم