ڕۆژ
میدیا خالید/ شاعیر/ سلێمانی
ڕۆژ بە ڕۆژ لە چاوی مندا وەک چنار باڵا دەکەی
هەیبەتی ئیشقت بەجارێ لای دڵم واڵا دەکەی
با خەجاڵەت بێ دڵێ گەر ئەو ئەوینەت نۆش نەکا
ڕانەژێنێ لانکی ئەشق و خۆی مەس و سەرخۆش نەکا
ناوەسێ دڵ وا لەسینەم عومری خۆی بەربا دەدا
ئەو کە ئاشنای ئەوین بوو سێبەر و سەد سا دەدا
ئەی کە وایا بۆ دڵی من بێبەری ڕوخسارتە
یا ژنێکی بێ دڵی مەست چاوەڕێی گوفتارتە
هەر دێی و دەڕۆی بەجارێ تیری نیگات ڕوو لە من
چۆن دەپێکێ ئەو دڵەی وا جێگەداری ناڵەمن
من ئەویندارێکی شێتم لەیل بە حاڵی من نەبێ
چاری دەردی ئەم دڵەی من هەر لەلات تیمارەبێ
من ئێش و زامم قبوڵە تا تۆ ژینت بسرەوێ
ڕێبەر و هاوڕێی ئەوین بە تا دڵی من داکەوێ
خۆ دەزانم گوڵسەحەر بێ دەبتە ئاسمانی دڵت
بۆیە خاک بێزارەبێ لێم نەبمە سابانی دڵت
مەیکەدەی دڵ ماڵ و جێگەی عاشقێکی بێ خەوە
دێت و جار جار دەم بە خەندە و دەست بە جام و پێکەوە
من دەڵێم دەستم لێبەردە تۆ بێ هیوای ئەم دڵەی
ئەو دەڵێ تۆ تاقە یار و جێی تەمەننای ئەم دڵەی
خۆشەویستیت پێم دەبەخشێ هێزو تواناو ژنیەتی
بەردەوامی ئەم ئەوینە هەر وەفا زامنیەتی