بە ڕەوانیی هەنجەرەی ئاو
ئاکۆ ئەلیاسی/ شاعیر
توێ توێی پێستی بەفری بنار
خووساوەتۆ
لە ژێر تینی پێی ناسکی زەردی هەتاو.
لە ناو دێوە، هەتا ئەوێ،
لێوی ویشکی قاوەیی خاک
ترەکیوە،
بە ڕەنگی تۆخی سەوزایی!
کچانی گۆزە لەسەرشان،
تا بن بنار،
بە لار و لەنجەی نازەوە
گۆرانی بۆ کانی دەڵێن،
بەڕەوانیی هەنجەرەی ئاو!
چ مەراقێک دەبێ لە پشت پەنجەرەوە،
چووبێتە کەمینی خەونی خەیاڵەوە!
یان دەنگی پێی بەهارە وا
بە پێڵاوی کەسکینەوە
ئارام ئارام دەگاتە گوێ؟!
لەبەر سەمای تیشکی مۆما
ژنانەتر دەردەکەوی
ئەی سروشتی ئەفسوونی من!
لە ژێر پرووشکە پرووشکی بەفر و
لە ژێر لیزگی کازیوە دا،
کە پێلووی چاو دەترووکێنی،
ڕەنگی فریشتە دەگریت و ،
ئیدی منیش
بێدەنگ … بێدەنگ
لە نێوانی شکۆی ئەم دوو جوانییەدا،
عاشقانە،
ئەبمە دەنگی چکەچکەی تکەی ئاونگ،
تا سنووری تووانەوە!
بژەن،
بە ڕیتمی باران
تاری گەرووت، بەسەر نوکی پەنجەی نەرمت،
با کۆڵانی دڵتەنگیمان
ئاوپڕژێن بێ
لە نێو قوڵپەی ناخی گەرمت.
بژەن،
بە بەزمی باران
میلۆدییەک،
بە ناسکیی گەرووی کانی
هەتا لە نێو تەزووی قووڵیی بیرەوەرییم
لە خنکانی خۆم دەبم ون.
بچڕە “باران” لەگەڵ “با” دا
دڵگیرترین گۆرانیی شەو
بە ڕووی پەنجەرەی کراوەم
کە پەپوولەی خەیاڵم لێی دەفڕن بە کۆ.
لاواندنەوە با لە تۆ بێ،
بەرەنیسکی هەنیسک لە من!
لە ئاوێنەی تەم گرتووی نێو ڕێبەندانم
ترینگیوەتۆ دارگێلاس لە خەندەی چرۆ.
دەشتێک لە پێشوازیی ژینا،
تاجی گوڵی لەسەر ناوە
لە نێو سارای لالەزاردا،
نوقمە نیگا!
سەدان مەلی جریوە بە گەروو گرتوو،
گوڵبارانی کەژاوەی ئازادیی دەکەن،
لە هەر لاوە.
بچنە باران
دەزوولەڕێی نۆتەی گەرووت
لەسەر شووشەی درزبردووی دڵی تەنگم.
با بخەمڵێم
لە پشتەوەی پەنجەرەی بێ ئینجانەمدا
بێ ئەژمارم، گوڵدان لە گلێنە ناوە!
گەر نمێکی تۆم بەرکەوێ،
لە نێو پێلووی گەرمیی هەتاو،
هەزار خەونم خۆنچە دەگرن
سەدان گوڵم لێدەپشکوێن.
لەو چۆڵایی قاقڕەمدا
دیسانەوە، دەژێمەوە
بە ڕەوانیی هەنجەرەی ئاو!