فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هۆ دووبارەترین شاری دونیا

هۆ دووبارەترین شاری دنیا

چۆلی فایەق

وەرە دەستت بگرم، قاچێک لە دۆڵی هزر، قاچێک لە شاخی ئەدەب، بە دنیات بگێڕم…
بێ، لە هێمالایا بچینە دیداری پیرەیۆگییەکی پێنجسەت ساڵە.
بێ، بەسەر شانوملی فیلەوە، ڕووبارە پڕ لە مار و تێمساحەکانی هێندوستان ببڕین.
بێ، سێ شەووڕۆژان لە تەنتا لەگەڵ دەروێشەکانی سەیدا بەدەوی سەما بکەین، بۆ خوا بڕەقسین.
بێ، لە سەنگافورە مۆزی تیژ بخۆین
لە ئەندەنۆسیا چایەی سوێر فڕ بکەین
لەگەڵ پەز و مێگەلان لە سیلان ئەنەناس بکاوێژین
لە دوورگەی بالێ نانی ماسی تام بکەین
لە هۆنگ‌کۆنگ مار و مێروولەی برژاو ئاودیو بکەین
لە فلیپین بە سماق و بیبەرەوە دەڵەمەی هێلکە لەسەر بکەین
لە ئاقارەکانی بەسرا کلۆ ببرژێنین
لە کێوستانەکانی زاگرۆس دۆ بنۆشین…
بێ، بەسەر پشتی وشترێ چاو بدەینە چاوی فیرعەون، لە هەرەمەکانی جیزە بخەوین.
بێ، گەلابییەک بپۆشین، عەگالێ لەسەر بنێین، لە بیابانی حیجاز ڕەبابە بژەنین و عەتابە بچڕین.
بێ، لەگەڵ سەگ و تاژییەکانی واری مەنگۆلان سەرخەوێ بشکێنین.
بێ، بە مێزەرێکی ڕەشەوە لە قوم ڕوومەتی خۆمان بڕنین.
بێ، دەگەڵ گوڵاوی ئەمستردام بە شار بپرژێینەوە.
بێ، لە کۆریا دڵی سەرۆکە باکوورییەکە بە حەیران و لاوک نەرم بکەینەوە.
بێ، لە قەڵاتەکەی هۆرلێر ئەفسانە بخوێنینەوە.
بێ، لەنێو قاپووتێکی کەواخوریی هۆرەمان، لە وەڵاتی بەفرێ، لە شەوێ کە کاتێ تف هەڵدەی دەیبەستێ، ترێی لێوئاڵ بچۆرین و بە تاڵەمووی کاڵەقژان گۆرەوی بچنین.
بێ، لە مەغریب خۆ دەخالەتی چارشێولەبەرێکی جادووباز بکەین، ببین بە گیاکێش.
بێ، لە شەمەندەفەری نێوان وارشۆ و ڤیەن نۆوتەیەک بۆ ئەو ئاوازە ماتە دابڕێژین.
بێ، لە تێرمیناڵەکەی میلانۆ چاو لە دزەکان بکەین.
بێ، بە یادی کافکا ڕۆمانێک لە پراگۆ خیت بکەین.
بێ، لە بێستانەکانی ئەفغانستان هەڵبفڕینە سەر ئەستێرەکان و خەونەکانمان بڕفێنین.
بێ، بۆ چاوبازییە سەختەکانیان سێ مانگ لەسەر قەروێلەی خەستەکانی تاران ڕابکشێین…
بێ، شەوێ لای گۆڕی گوێتە
ماڵی بیتهۆفن
هەمەدان، پێتەختی دزراو
مەزاری سوڵتان ساهاک
دارستانی ڕەشی هایدێگەر
قەورستانی قاهیرە بخەوین…
بێ، لەسەر گۆڕی نالی، بەسەر ئەو لاشە دڵبەجێماو و دڵلێکەوتووە، تنۆک تنۆک فرمێسکی مەموزینی خانی بەسەر غەوارەییە ئەزەلییەکەی خۆمان دابارێنین…
دە وەرە
وەک گەڕۆکێکی لایدە
پێکەوە هەر ببارێین، هەرگیز نەڕژێین