دیسان شەوە
دیار نەسیم/ شاعیر
ئای من و شەو
چەندە ناکۆکین پێکەوە
دیسان شەوە تەنها خۆم و برینەکانم بێدارین
لەم گوندە دوورەدەستەوە
دونیا تاریک و نوتەکە
وەکو ئومێدی دیدارت
تا چاو بڕکا، خامۆش خامۆشە دەوری دێ
تروسکەیەک بەدی ناکەم
وەک ناوی من لەسەر زارت
دیسان شەوە
لەبەر ڕێژنەی یادەکانت
دڵم ئۆقرەی لێبڕاوە
بە بەرامەی نامەکانت
خەو لە چاوانم تۆراوە
نیوەشەوە
دڵم ئەڵێ دیسان تۆ ئەگەڕێیتەوە
ئای چەندە خەیاڵی خاوە!
نانوم ئەمشەو
ڕوحم لەگەڵ بێمروەتیت گرێداوە
گەرچی ناکۆکم لەگەڵ شەو
بەڵام دیسان
شەو و گوند و بێمروەتی و یادەکانت
بوون بە ئیلهامی هۆنراوە