فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وەرە

* وەرە

ڕووناک ئاڵتوون/ شاعیر/  سلێمانی

وەرە
با….بەخەتی کوفی لەدەفتەری کوردی
بنوسین ئازادو نەسرین خوشک و برا نەبوون
خەمت نەبێ ،
کەس ئێستا کوردی ناخوێنێتەوە!

* وەرە
با…لەسەر تابلۆیەکی قەراخ شار بنوسین
خۆشەویستی ھەرگیز بەرواری بەسەر ناچێ
بێخەمبە،
کەس ئێستا بۆ پشویەکیش لەقەراخ شار لانادات .

*تۆ جامانە ڕەش و سپیەکەت ببەستە
منیش کراسێکی حەوت ڕەنگ دەپۆشم
گۆرانی ( واوەتەن خەمڵیوە وەک گوڵ نەو بەھاری میللەتە…….) دەڵێین
ئەرخەیان بە کەس چەپڵە ڕێزانی نیشتمان پەروەریمان ناکا!

*وەرە
باڵێکی پەروازی من و باڵێکی ڕەنگینی تۆ
دڵێک لەئاسمان دەکێشین ،
خەیاڵت تەخت بێت کەس وەک جاران
بۆ ئەستێرەی پرشنگداری خۆی سەیری ئاسمان ناکات !

خەیاڵت ئاسودە ھاوڕێم ئیتر کەس بەنوکتەی کۆن پێناکەنێ
، کەس خۆشەویستی لا فەیروزەیی نیە، سرودێک بۆ باڵای نیشتمان ناڵێ ….کەس وەڵامی ڕۆحی زیندوو لەئاسمان وەرناگرێتەوە…کەس !!!

ڕوناک ئاڵتون

*ناو کەوانەکە سرودێکی نیشتمانیە شیعری ( زێوەری) نەمرە ..