فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نیشتیمانی من

نیشتیمانی من

عەلی نامۆ/ شاعیر/  ھەولێر

ئەڵڵا، لە جوانی نەخشی نیشتمان
لە لوتکەی شاخی تاکو پێدەشتی
تابلۆی ڕەنگینە، خاکی دڵگیری
ڕازاوەو جوانی وەکو بەهەشتی

ئەڵڵا، لە دەنگی ئاوازی خۆشی
کەوی قەد پال و جریوەی پاساری
چەهچەهەی بولبول لەسەر چڵی دار
نێریە کێویلەی نسێـی نزاری

دیمەنی جوانی گوڵاڵە سـورە
لەسەر کانیلەو جۆگەلەو ڕووبار
نیـگاری جوانی هێند دڵڕفێنە
تاڤگەی بەخوڕی کاتێ دێتە خوار

سەیری دیمەنی بەرە بەیانی
کاتێ خۆر هەڵدێ سا شەبەق ئەدات
ئاونگی ڕونی لەسەر پەڕەی گوڵ
وەها دیمەنێ دڵخۆشت ئەکــات

هێنـدە ڕەنگینـە کوێستانەکانی
بڕوانە لوتکەو دۆڵ و کەژو کێو
دەنگی شمشاڵی شوانان لە شێوان
تێکەڵ بە باعەی کاریلەی بزێو

چۆن لێی ئەڕوانی نیشتمانی من
دەیان سەیرانگەی دڵڕفێنی لێن
وەکو نمونەی جوانی سروشتە
سەرچاوەی کانی و ئاوەڕێژگەی زێن
……….
🗓 ڕێکەوتی :١٤-٧-٢٠٢١