فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بیرکردن

بیرکردن

محەمەد عوبێد/ شاعیر/  گەرمیان

ئەگەر ڕۆژێ بیرت کردم
شاران گەڕای مات و زەبوون.
بڕۆ ملی باران بگرە و
سوێندی دە بە خۆرئاوابوون.

چوون ئێوارەی لێک ترازان
شوێن پێکانت باران سڕی.
تا تاریکی شەو قوتی دام
ڕێی بێ ناونیشانم بڕی.

نە ئاوڕێک دەستی گرتم
نە خۆشی کرد باران تاوێ.
تا وەک یادگار جێ بمێنێ
نیگایەک یان جێ هەنگاوێ.

من ئێستاکە جۆرێ وونم
ناونیشانم بێ ئەسەرە.
ژیان لە خۆی داماڵیوم
نەکەی بێیتە ئەم دەڤەرە.

تازە منت لێ هەڵوەری
گەڵا دەمرێ و چڵ بێ باکە.
تازە چرۆی عیشق ناکەم
سەت بارانی ئەوین داکە