شیعر
بەکر تەیفوور
وەرە بــا لە گەڵ بادا
گوزەرێک بە گەردووندا بکەین،
با سەما لەگەڵ ئاو و پەپوولە و
دار سنەوبەرەکاندا بکەین،
با دۆڵ و قەد پاڵ و
لوتکەی شاخەکان بپشکنین و
گوێ لەڕازونازەکانیان بگرین،
بزانین چەند مرۆڤ لاشەکانیان لەجەنگەکاندا جێماون و بونەتە خۆراکی
قەل و داڵ و ئاژەڵە کێوییەکان،
با گوێ لەلرفەی رووبارو چۆمەکان بگرین،بزانین چەندین مرۆڤیان لووشکردووەو ڕاپێچی کەندوکۆسپ و هەلابەهەلاکردووە..؟
وەرە بــا لە جوانی تریفەی مانگ و جریوەی ئەستێرەکان
بڕوانین، بزانین بۆ عاشقەکان
ئەوانیان بە مەعشوقەکانیان شوبهاندووە..!
وەرە تۆخوا وەرە با گوزەرێک
بەنێو گۆڕستانەکانی سەرزەویدا بکەین،
بزانین چەندین پاشاو
دکتاتۆری ستەمکار، بەپەسنی بەخشندە ومیهرەبان و
بەسۆز گڵکۆکانیان رازێندراونەتەوە،
وەرە تۆ خودا وەرە
بـــا دوور دوور بکەوینەوە
لە مەملەکەتی مرۆڤەکان و
بچینە سەر لوتکەی دارە
بەرز وبڵندەکان و سەربکەوینە سەری سەرەوە
تاوێک گوێ لە جریوەو
خوێندنی باڵندەکان رادێرین،
بزانین چۆن هەستی خۆشەویستی بۆ یەک دەردەبڕن، گەرتۆ لێیان تێناگەی ..؟ ئەز زۆر بە باشی
لە رازونیازی خوێندنەکانیان
تێدەگەم…!
دە وەرە دەی وەرە….!
وەرە بـــا بەوردی چاوێک
بەمێژووی ئەو جەنگانەدا
بخشێنین، کەچۆن جوامێرەکان بوونە قوربانی و ترسنۆکەکانیش شەرابی سەرکەوتنیان ئاودیو دەکرد،
وەرە بـــا سەردانێکی مۆزەخانەکان بکەین و بزانین کە پێشووتر مرۆڤ
بەهادارتر بوو یاخود ئێستا..؟
وەرە دەی وەرە درەنگ کەوتین…..
وەرە تکا دەکەم وەرە بەدەنگمەوە دەست
بدەبەکێردێک و بـا حەقیقەت سەرببڕین بەڵکو کەمێک دەکەوێتە جووڵە….!