فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕووفیا

(ڕووفیا)

بەفرین شەڕەفکەندی/ نووسەر، وەڕگێر، پەیڤکاتۆریست / مەهاباد

 

ئەرێ سارا پێتچۆنە ئەو بیرەوەرییە بکەمە کورتە چیرۆک؟ لەوانەیە دیسان واقت وڕ بمێنێ و بڵێی: باشە خۆ هەموو بەردەنگەکانت ئەمن ناناسن!! بۆیان نابێتە پرسیار ئەخر سارا کێیە و لە نێو چیرۆکەکەت دا چ کارگێڕییەکی هەیە؟ نابێ کەسایەتییەکی بۆ ساز بکەی؟لە وڵامددا دەڵێم: ئەمن خوڵقاندنی کەسایەتی تۆ دەدەم بە دەست بەردەنگ، با بۆخۆی چۆنی پێ باشە ئەتۆ بخوڵقێنێ.تکایە مەیە ناو زەینم و لێمگەڕێ با چیرۆکەکەت بۆ بگێڕمەوە.ئەو ڕۆژەم جوان لەبیرە. تەواوی شتومەکی دیوەکەم هێنا بەرگۆڕێ، نەمدیتەوە، بە پلیکاناندا هاتمە خوار. دەمبۆڵاند؟ نا.دەمقیژاند؟ نا.دەگریام؟ فرمێسک گۆنەکانمی تەڕ کردبوون! کەواتا دەگریام.ئاخرین جار لە کوێم دانابوو؟ئەرێ ئەودەم کە بردبوومەوە قوتابخانەی دواناوەندی کاتێک پێشانی هاوڕێکەم دا دواتر لێم وەرگرتەوە؟ئا ئا وەرم گرتەوە، خۆ دڵم نەدەهات بیدەم بە کەس.پێی کوتم: خەسیس با چەند ڕۆژ لەلام بێ خۆ ڕۆنی لێ ناگرم! خۆ نەمدەزانی هێندە دەسقووچاوی!خەسیس بووم؟ نازانم، نا خەسیس نەبووم، ئەوەی ئێستا لێی دەگەڕێم و نایدۆزمەوە بەقیمەت بوو.بەقیمەت بوو؟ نا. با. نازانم ، لەوانەیە بۆ زۆر کەس بێ‌نرخ‌ و بێ‌برەو بێ و بۆ هێندێک کەسیش بەهادار، بەڵام بۆمن شتێک بوو لەهەرە بەقیمەتترینەکانی ژیانم.چوومە باغچەکەی حەسار، لەوانەیە لەگەڵ خۆم بردبێتمە وێ. چاوێکم گێڕا، چوومە بن سێبەری دارە سێوەکە، سەرم هەڵێنا تازە لە گوڵ هاتبوودەر.ددانەکانی پێشێم وەدیار کەوتن، لێوی خوارێم چیوای نەمابوو بگاتە بن گوێم!سارای دڵان ئیزنم پێ بدە جارێ لە شتە بەقیمەتەکەم نەگەڕێم و لێرە لەبن سێبەری دارەسێوەکە فلاشبەگێک لێدەم و بگەڕێمەوە ڕۆژانی منداڵیم کە تازە سێهوومی سەرەتاییم تەواو کردبوو. هەڵبەت لەوانەیە شتە بەقیمەتەکەشم خۆی بخزێنێتە نێو ئەو فلاشبەگە!بابم شەوکار بوو و تازە هاتبۆوە و دەیهەویست هەتا نانی فراوین دەگاتێ سەرخەوێک بشکێنێ، بەڵام بۆ ئەمن دەمهێشت؟ نا نەمدەهێشت!ئەمن و خوشکە چکۆلەکەم و دوو کچە مامەکانم دوای ئەوەیکە چاومان لە کارتۆنی “زنان کوچک” کرد وەکوو زۆربەی ڕۆژان بە قرچەقرچی نیوەڕۆیە چووینە حەسار و لەژێر سێبەری دارە سێوەکە ڕاخەڕێکمان ڕاخست یان نا؟ ئیدی ئەوەم لەبیر نییە. بەڵام جوانم لەبیرە کە هەر کەسەی ڕۆڵی کاراکتێرێکمان گێڕا، ئەمن وەک هەمیشە ڕۆڵی “کتی”م گێڕا، قژەکانم دۆمێ‌ئەسپی بەست، کتێب بەدەست یەک و دوو پەڕیمە سەردارەکە و لاقی چەپم شۆر کردەوە خوارێ و لاقەکەی دیشم دانا سەر لقێک، پێش ئەوەیکە لاپەڕەی کتێبەکە هەڵدەمەوە پڕ بەحەسار دەستم کرت بە گۆرانی کوتن. گۆرانی؟!!!! زیاتر لە چریکەچریک دەچوو هەتا گۆرانی.هاااااتم لەلاااای ئەولااااایە بــــە حسێـــنی…دایکم سەری لەپەنجەرەی دیوەکە هێنا دەر: ڕۆڵە وەرنەوە ژوورێ با بەو گەرمایە نەخۆش نەکەون.سەری هەڵدێنێ و چاوێک لەمن دەکا و دەڵێ: کچێ گەرووت ناهێشێ؟! گەرووی وی ناهێشێ بەڵام گوێی ئێمە خەریکە بپچڕێ، دوای ئەوەیکە خوشکە چکۆلەکەم وای کوت، کچە مامەکانم دەستیان کرد بە پێکەنین.ئەمنیش بێ خەیاڵ نە جارێک و نە دوو جار و نە سێ جار و….  پێڵۆکانم لەسەریەک دانا و کتێب بەدەست بەدەنگێکی بەرزتر تێم چریکاند: هاااااااتم لــە لااااااای ئەولاااااایــــە…کتێبەکەم لەدەست بەربۆوە، پێڵۆکانم هەڵێنا کاتێک لەپڕایەکی زەربەیەک لە لاقی چەپم کەوت و یەک بەخۆم هەڵبەزیمەوە، چ بوو؟!! لینگە دەمپایی بوو…کچێ ئەتۆ بۆ ناهێڵی سەرخەوێک بشکێنم سێجارم چاو لەبیرەخەو ڕاچوو و بەو دەنگە ناخۆشەی تۆ وەخەبەر هاتم.بەو دەنگەیەوە وادەزانێ “هایدە”یە بەدفەڕ…دیتت سارای دڵان؟ شتە بەقیمەتەکەم ئاخری خۆی نێوئاخنی فلاشبەگەکە کرد؛ هەرچەند ئەودەم زۆر بایەخدار نەبوو لە لام!نە تەنیا ئەو ڕۆژە نەمدۆزییەوە، بەڵکوو ئێستاش هەر لێی دەگەڕێم و زۆرجار دەپرسم ّئەرێ ئەو کتێبە بەرگ سوورمەیە چی لێهات؟ڕەنگە بۆت بووبێتە پرسیار کە چۆناوچۆن بوو کە ئەو کتێبە بوو بە هەرە شتە بەنرخەکانی ژیانت.بۆ وڵامی ئەو پرسیارەت دەبێ فلاشبەگێکی دیت بۆ لێدەم.پەتۆکەم دووقەد کرد و ڕامخست و تەخت لەسەری دانیشتم، پاڵم بە پشتییەکەوە دا. وەکوو جوانخاسترین کوڕی ئەو نیشتمانەم هاتە بەرچاو، لەپشت پەنجەرە ڕاوەستابوو ئاخرین مژی لە جگرەکە دا و قونچکەکەی هاویشتە حەسار و پەنجەرەکەی داخستەوە. شاڵوارێکی کەتانی سپی لەگەڵ تیشێرتێکی زریشکی لەبەر چاوم جوانتری کردبوو بە تایبەت بەو سمێڵە دالاسەیەوە، چەند هەنگاو بۆلای کتێبخانە چکۆلەکەم چوو، یەک دوو خولەک ڕاوەستا، دەستی بە کتێبەکاندا خشاند، کتێبێکی دەست دایە کە بەرگەکەی سوورمەیی بوو کتێبە شێعری “پروین اعتصامی”. بەرەو لای من هات و لە پەنام ڕاکشا و ڕانی ڕاستمی کردە باڵنجی بن سەری. بێ ئەوەیکە لاپەڕەیەک لە کتێبەکە هەڵداتەوە تێی چریکاند: زۆرم حەول لەدوا دا سەر لەسەر ڕانی تاکوو بەیانی بوومە میوانی نازەنینم…دەنگی هەتا ئێستاش لەنێو گوێمدا خۆشترین نەوایە. کات لەدەست من دا نەبووکە ڕایگرم و هەتاهەتایی لەو دۆخەدا بمێنمەوە، پەنجەکانم ئۆقرەیان لێ هەڵگیرا و دەستم خزا نێو موویەکانی سەری … لاقم تەزیبوو بەڵام ئەرزیشی هەبوو ئەگەر لەدەستیشم دابا؛ هەستی کرد یان نا؟ نازانم، چون سەری لابرد لەسەر ڕانم و دانیشت، چاوێکی لە من کرد و چاوێک لە کتێبەکەی ناو دەستی و کوتی: خودکارێکم دەدەیەی؟ئەتۆ داوای گیانم لێ بکە جا خودکار چێ. گوێی لێ نەبوو؛ چون لە دڵە خۆم دا وام پێ کوت.لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەی هەڵداوە و چی نووسی نازانم، هەڵبەت ئەودەم نەیهێشت  بیخوێنمەوە چون داوای کرد دوای ئەوەیکە ڕۆیشتەوە بیخوێنمەوە.دوای ئەوەیکە ڕۆیشتەوە و ئەمن لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکەم هەڵداوە، ئەو کتێبە بوو بە هەرە شتە بەقیمەتەکانی ژیانم!ئێستا کە لە پەنام دانیشتووە و بۆتە باوکی منداڵەکانم، کلاسۆڕە بادێمجانییەکەمی بۆ دێنم و داوای لێ دەکەم سەر لەنوێ بۆم بنووسێتەوە.بۆم دەنووسێ: من بە فرمێسکی ڕنووی کوێستانی کورد پەروەردە بوومکوڵمی ئاڵ و چاوی کاڵ و سینگی بەفرینم دەوێ..