ئێوارەیەک
ماریا ئەحمەد/ شاعیر/ هەولێر
ئێوارەیەک خاڵی لە قاقا بێهودەکان
لە ناو گەرد و تۆزی ڕاڕایی نقوم بووم و
ژەهری ژیانم دەنۆشی
هێواش هێواش
لە باوەشی ڕوحێکی پەژمووردەیی
لە ناو چرچ و لۆچی
ڕوخساری چارەنووس و
چاڵی پڕ لە لیتەی پیربوون
لە نێو قەدی ئەو تەماشاخانەیە
سەرم بە سنگی خۆر کرد و
خۆم دایە دەست شەپۆڵەکانی ئەندێشە
لە یەقینی قیامەتی
لەت و پەت بوونی
ژنبوونم دەڕوانی
ئێوارەیەک
وەک باڵندەیەکی دڵشکاو
لە چۆلەوانی دڵێکی هەڵەتە بوو
خۆم بە تەنافی
یادەوەریەکان هەڵواسی
ئێوارەیک
سارد سارد
ساردتر لە چرپە و
ئاهی ساردی
کیژ و ژنە بێمرادەکان
لە خانەقای دڵتەنگی
بە بێدەنگی ڕاوەستا بووم !
ئێوارەیەک
دەستم بە دامێنی
خۆری خۆرەتاوی
خەیاڵە دڕکاوی و
هەناسە تەڵبەندکراوەکانی
ڕوحی خۆمەوە گرتبوو !
نەبادا بکەوێتە خوارەوە و بشکێت
دواتریش وەک
گەردی بەر ڕەشەبا
با بیبات و گەروم تاڵ کات !
ئێوارەیک لەسەرەخۆ
ژەهری ژیانم هەڵدەدا !
ماریا ئەحمەد / هەولێر