فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دوا ستران

دوا ستران”

نووسینی:  ئاردینا جاترو

وەرگێڕانی لە یۆنانی:  ئومێد قەرەنی

ئانا ئاگات لێمبی
بە پەنجە باریکەکانت پرچم دابینە
گۆرانییەکم بۆ ئافراندووی
وەرە بمشۆ بۆ دوا جار
لێمخۆشبە خۆشەویستم
وەک چۆن لە باوبۆران خۆشدەبی
کە بێ مەبەست گەڵایان دەخەنە سنگی زەوی
لە ناو چەکمەجەکە پەڕەی نۆتەیەک هەیە
بیکەوە.. بە ئارامیی سترانەکە بێژە
وەک دانپێدانانەکی پاگژ لێموەرگرە
پاشان پێمبێژە ئەگەر شتێکی مابوون…

ئانا
لەسەر مێزەکە سێوێک هەیە
چاوەڕێی پاککردنە
خۆت پاکیبکەوە!
لە نێو گوڵدانەکە
گوڵێک هەیە تێنووی دڵۆپێک ئاوە
خۆت ئاویبدە!
ئەو شاڵە سپیەی دوو زستانە ناپۆشرێ
تۆ بیپۆشە!
ئازیزەکەم ئەمێستاکە پەنجەرەکە واژیکە
دەبا چێژ لە ئاوازی دارستان وەربگری
کە چۆن لەو وەرزەدا رووتدەبتەوە

ئای لە سەرمدا چ بێدەنگییەک زاڵە
هەست بە جوولان و تامەزرۆیی با دەکەی؟
ئەوە گیانی پیرۆزە.
لە روخسارتدا وێنەی ئەو دەبینم
ئەمن بێ تۆ ونبووم ئانا
کوێرێکی سەرلێشێواو
کەڕ و سەرسام.

ئانا
سەگەکە لە حەوشەکە دەگری
هەست بە کۆچی گیان دەکا
بەڵام چی لەودیو دارستانەوەیە؟
ئانا..