ئەشقی هەمووان ٫٫
وەرگێڕانی؛ ڕۆژا
شیعری؛ ئەحمەد شاملو
فرمێسک ڕازێکە
زەردەخەنە ڕازێکە
فرمێسکی ئەو شەوە زەردەخەنەی ئەشقم بوو
بەسەرهات نیم کە بیڵێیتەوە
ئاواز نیم کە بمخوێنیت
دەنگ نیم کە گوێت لێم بێت
یان وەها شتێک تۆ لێی بڕوانی!
یان وەکو بڵێیت تۆ بزانیت
من ئازارێکی هەمووان هاوارم بۆ دەکات
درەخت لەگەڵ دارستان دەدوێت
سەوزەگیا لەگەڵ دەشتەکان
ئەستێرە لەگەڵ فەلەک!
وە منیش لەگەڵ تۆ دەدوێم
ناوت بە من بڵێ
دەستت بدە بە من
قسەکانت بە من بڵێ
دڵت بدە بە من!
من لە ڕەگی تۆ تێگەیشتووم
بە لێوەکانی تۆ بۆ لێوی هەمووان قسەم کردووە!
وە دەستەکانیشت بە دەستی من ئاشنان!
لە خەڵوەتی ڕۆشن و دیار بۆ تۆ گریام
لەبەر خاتری زیندووان
لە گۆڕستانی تاریک لەگەڵ تۆدا ئاوازم چڕیوە
لە جوانترین گۆرانییەکان
لەبەرئەوەیە مردووەکانی ئەمساڵ
ئاشقترینی ژیانەوە بوون
دەستت بدە بە من
دەستەکانی تۆ بە من ئاشنان!
ئەی درەنگ بە دەست هاتوو
وەرە کە من وا لەگەڵ تۆ قسە ئەکەم
وەکو هەور لەگەڵ زریان و بۆران
وەکو سەوزەگیا لەگەڵ دەشتەکان
وەکو باڵندە لەگەڵ بەهار
وەکو درەخت کە لەگەڵ دارستان دەدوێت
لەبەرئەوەیە من لە ڕەگی تۆ تێگەیشتووم
لەبەرئەوەیە دەنگی من بە تۆ ئاشنایە!…