هەناسەی عیشق. ..
احمد عارف/ شاعیر/ سلێمانی
١٠/١/١٩٩٧
بە تامی شیعر
لێوان لێوم لە عیشقی تۆ ،
روحم پڕە
هەست و سۆزم هەمووی عیشقە ،
بەم شەوە پڕ ئەستێرەیە
گوڵ ئەستێرەی چاوەکانت
ئاسمانی تاری وجودی من بەرنادا ..
هەنگاوێ وەرە پێشەوە
با لە میحنەتا نەسووتێم
سووتانی من هەڵوەرینی گەڵای عومرە ..
لاکەوە پەنجەرەی بوونم کراوەیە
گەڵای روحم زەرد زەرد بوونە
کوا هەتاوێ تیشکێ لە چاوت بهێنێ ..!!
کوا زەردەخەنە بارانی عومرێکی نوێ بەسەر بوونما ببارێنێ ..!!
مەڕۆ ،. مەڕۆ
ئەم سەفەرە نابڕێتەوە
هەر هەنگاوێ دور لە من کە هەڵیدێنی
سوتانی رووح
بارانی خەم
شەکەتی جەستەی پڕ ماتەم
پروانی هەناسەی عیشق
لە باخی بوونما دەچێنێ ..
– – –
ئەم دەڤەرە بۆنی کردووە
لە هەناوی عیشقا نەبێ
ئاسودەیی ،
سەرفرازی ، ویژدانی پاک
بەدی ناکرێ …
وەرە مەڕۆ
تا دەمێ مەرگ بە هێدی
روحم دەباو
هەناسەکەم دەوەرێنێ ..
لە سەر پشتی بای سەحەرا
دەست لە ملانێ
لە یەکتردا بتوێینەوە ..
لێوان لێوم لە عیشقی تۆ ،
گەر وانەبم رووح دەوەرێ
ژین دەبێتە سووتوو ….
ئەمیش دەقێکی پەراگەندە و بێ مەئوایە و دوای ئەو هەموو ساڵەی بوونی ئێستا خۆی نمایش دەکات هیوام وایە بە دڵتان بێت
٢٧/١/٢٠٢٥
سلێمانی