فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

عیشق

عیشق

دەریا ھەڵەبجەیی/ شاعیر/ سلێمانی

وەکو کچێک
سەرەتای عاشق بوونی بێت
کاتێک یەکەم نامە و دیاری
عەشقی بۆ دێت…
حەز دەکەم خۆم جوان بکەم و
بێم بتبینم
تۆش به باوەشێک پێم بڵێیت
کە چەنده منت خۆش دەوێت..

وەک ژنێکی بێ سەوادیش
عاشق بووبێت
بە دزییەوە…
نازانم چۆن بۆت بنووسم
بیرت دەکەم..
ناچارم ناوەکەت سەد جار
لە ناو دڵما بڵێمەوه..

وەک پیرێکی دییه کزو
گوێ گرانیش
تامەزرۆم بۆ هاتنی تۆ
بۆڵەم دێ لەبەر خۆمەوه..
وا ئەزانم کەس نامبیستێ
بە دەنگی بەرز
هاوار ئەکەم
تا خێرا بێیت بە دەممەوه..

وەک دواساتی مەرگی ژنێک
تەنیایی وڕی کردبێت
چاو دەگێڕم
خواخوامە ڕۆحم دەرنەچێت..
تا تۆ دێیت و
من ئەمانەتی ئەم ڕۆحە
لە باوەشتا ئارام بگرێت…

تەماشا من
چۆن عاشقتم
چەن ژنانه تۆم خۆش دەوێت..
وەکو ئەوەی حەزی من بێت
پۆرترێتی ڕوخساری تۆ
کۆتا ڕەنگ بێت
لەسەر سنگی ئەم تەنیاییەم هەڵبواسرێت..

من کچێکم
ڕەنگە ژنێک
ئەشێ پیرێک
بیرم دەچێت…
ئەوەی لە زاکیرەمدا دێ و دەچێت..
تەنیا سیما و
دەنگی ئەو پیاوە ڕەش پۆشه نەبێت
خۆشم دەوێت..
بۆ زاکیرەم دێم به چۆکدا
ڕێگە نەدات بیرم بچێت…

دەزانم له مەرگم دەچێت
دەمەو عەسرێ بەسەر تەنیاییمدا دەڕژێت
لە دەنگی پێی
ڕەنگی ژنێتییم دەگۆڕێت..
له تاریکایی شەوێکدا
بێ ئەوەی سیمای ببینم دەستم دەگرێت..
دەیناسمەوە بێدەنگیش بێت
ئاخر هیچ کەس وەک من هاتنی ناناسێت..

ڕەنگە نەیەت
بیری بچێت..
ئەی کێ ناڵێت
هەر به ئەنقەست خۆی دوا ناخات..
تا جارێ تر
چاوەڕوانیم له تەمەنم
پیر تر بکات..
تەنیا بکات..

چاوەڕوانی عەشق دەکوژێت..
بۆ ژنێک نا
پرچی به ئازار پیر بووبێت..
بەسەر دڵی هەزار مردندا
کەوتبێت
هێشتا لەم گەمەی عەشقەدا
براوه بێت
ژنانە تر عاشق ببێت..