فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەند گۆشەیەکی دیکە لە دەقی (گۆرانیی من)

چەند گۆشەیەکی دیکە لە دەقی (گۆرانیی من)

نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز

 

قیژەیەکە لەناومدا گۆرانییەکەم
بۆم کپ ناکرێت
هاوارێکە و توند بە قورگمەوە نووساوە
بۆم قووت نادرێتەوە
دانی پێدا دەنێم،
نەیچڕم،
هەر بە زیندووێتی دەمکرۆژێت
دەستی پێوە دەگرم نەمخواتەوە

گرنگ نییە دەنگم ناسازە
خۆم لەناو گۆرانییەکەمدا دەبینمەوە
لە نۆتەکانی
لە ئاوازەکەی
لە ڕیتمی
گۆرانیێکە و بۆ خۆمی دەڵێم
بۆ خۆشەویستی
بۆ مرۆڤ

وەک گۆرانییەکەم، دەنگیشم هی خۆمە
نە ئەم لەگەڵ میزاجێکی نامۆ هەڵدەکا و
نە ئەویان لەسەر ژێی قورگێکی زڕ نووزەی دێ

وەک مەلێک کە تازە قەفەسی جێهێشتبێت
ئازاد ئازاد،
بەسەر لووتکەکاندا دەفڕم
لە شەققەی باڵەکانم دەدەم و
پڕ بە گەرووم دەچریکێنم

ئەمشەو دەیچڕم
با ئاسمان و زەوی بیژنەون،
بێدەنگیی ئەم و کڕیی ئەو، پڕ دەکەم لە هەرا
با با و دارستان گوێیان لێی بێت،
گڤەی ئەم و ورشەی ئەو، لەودا دەخنکێنم
با ڕووبار و چیا بیبیستن،
خوڕەی ئەم و خامۆشیی ئەو، لەودا دەنێژم

بۆ شەڕی فڕین
بۆ شەڕی ڕەهابوون
بۆ شەڕی مانەوە
گۆرانییەکەم هەم سەنگەرە و هەم لەمپەر
هەم نەعرەتەیە و هەم نەڕە
هەم چەکە و هەم زرێ