فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بەم پیریەوەیش

بەم پیریەوەیش

نازم دڵبەند/ شاعیر/ ھەولێر

هێشتا کە بەو کۆڵانە هێمنەدا رادەبرم
هەروا دەزانم ئەوێ رۆژێی گەنجێتیمە
بەترسەوە رێگا دەبڕم
هەتا لە پەنای مەکتەبەکەی ئێوە
چاوەڕێ بم
تاکو دەرگا دەکرێتەوە
تۆلەوێ بێیتە دەرەوە…
دەفتەرێکی سی لاپەڕەت بەدەستەوە
چاو دەگێڕی بەترسەوە
دەیکەیتەوە
نامەیەکی بچکۆلانەی لێدەردێنی
بەخێرایی فڕێی دەدەی
منیش زۆر لەتۆ زووتر
هەنگاو دەنێم زۆر زوو هەڵیدەگرمەوە…
دڵم خێراتر لێدەدا
دەڵێم دەبێ بڕوای بەم عەشقەی هەردووکمان بێ
دەبێ ویژدانی ئەوەی هەبێ
بەم سەرمایە،من لەپەنای ئەم دیوارە
سەرمای ئەم زستانەم لێدەدا
هەربۆئەوەی ئەو نامەیەی ئەوم بۆ بێ
چاوێکیشم بەچاوی ئەو کەوێ..؟؟؟؟