فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ناوک (نوقڵە چیرۆک)

نوقڵە چیرۆك
“ناوك”

حەمە سەعید زەنگەنە/ چیرۆکنووس/  کەرکووک

گەواڵە هەورێ بێزراو و قێزەون..چون تامانێ چڕو، دڕو، قرچۆك.. تاوی تاوەكەی تاساند! ڤاڵایی تۆپی زەڤی! تەمتومانێ هیس ئاسا.. بە شەوێكی نتوكی كرد. كاوناكەوێك! بڵاچەیەك لە باكوورڕا، دڕی بەشەوەزەنگەكە دەدا! سێ مرۆی پرزە لێبڕاو و زگار، وەسێ پاڵتۆی هاودامانەوە! سێكوچكەیی هەر یەكە و.. پشكێكی مێزە بازنەیییەكەیان دەهەمبێزنا! لاوێكی ڕیش هاتوو و سەراسیمە.. وێدەچوو گەردەلوولی ڕۆژگار بۆ ڤێرەی لوول دابێت! بتنێ لەسەر مێزێك.. بەئالی وانەوە، هەر دە ئەنگووستانی تێكپەڕاند بوون و..تەوێڵی لەسەر نابوون! ئەندێشە ڕایدەكێشا. هەر كە! تەپەی پێی ئەوانی ژنەفت! سەری بێوازی بڵیند كرد. چاوەیلی بەگران لۆ هەڵدەهاتن، چاوی لێنان و كوتی:
“بارانە! وانییە؟ خڕی خاسە ئەم بەیانییە، ئاوەكەی بەژنە زەلامێك هەڵكشابوو.”
لەگەڵ دووماهیی ئاخافتنەكەی! سێكوچكەیەكە تەواو! بوون بە كوچك..ئۆردووێ ستۆ زراڤی و، زار بەشەوە بوو، لە هیكەوە ڕووبەری ناڤبەر سێكوچكەییەكەیان بەرزەفت كرد. بارتەقای بەری دروێنەیەك، مل باریكەیل كێشیان سووك بوون و، دەمپەلەكانیش گوڵە ئەرخەوانییەكانی هەناویان بەدەركەوتن و پەنیی بوون. كەسێك لەوانەی سێكوچكەكەیان پێكهێنابوو.. قامكی لە زاری كرد و جغزێكی قوپاوی ناهەمواری كێشا! دوانەكەی دی بە كڕیی تێیان دەڕوانی! بەلەز سەرنجەكانیان بۆ نێو جغزە قووپاوەكە گوێزایەوە:
“گەر ئەمەمان بەسێڵ دانا!”
دوانەكەی تر ب هەڤڕا گوتیان:
“وا بەسێڵمان چواند”
“ڤێرە ناوكەكەیەتی”
دەستی برد! لای باشوور و.. لە دووڕ جغزەكە زەنەیەكی دانا! یەكێ لە دووانەكە باگۆی داوە:
“چۆن”
قچۆكەیەك خۆی گورج كردەوە و كوتی:
“ئاااااا ئاشكرایە كە سێڵ یا خانە لە سایتۆپلازم، پڕۆتۆپلازم و، ناوك پێكهاتووە! هەڵبەتە مەحاڵیشە زیندەگیی بێ ناوك! جا ئێرانە!( بەتبلی دیاردی بۆ كرد) دەكاریین بەناوكەكەی بچوێنین! ئەمان لە تەماو مەبەستەكەی گەیشتن! یەكێكیان كە نسێی زەردەیەكی هەدار و ئارام لێوی داپۆشیی كوتی:
“جا برا! ئەوی لەمەڕ خۆشمان هەر وای ناگوت”
هاوڕێكەی بۆی سەلماند:
“بەدی! لێ بە تەرزێكی بەدەو و شەنگتر لەم!”
لەم دەمەیدا! تاریكاییەك هات و، ئەم تاریكاییەی هەڵلووشی، تاریكاییەكی دیش چاوا خێو هات و سێكوچكەییەكەی بۆ هەتاهەتایی پەنهان كرد.

……………………………………..
زەڤی : زەوی، هەرد، عەرد.
جغز : هێڵی بە دەور، كێڕی كرۆڤەر.
تەما : نیاز. چاوا: مینا، وەك.
تامان : چەپەر. ب هەڤڕا: پێكەوە.
زگار : كزو كەنەفت و دڵ بەخەم.