فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

سێبەری خەم

سێبەری خەم

بەھرەوەر مەرزانی/ شاعیر / ھەولێر

لەو کاتەوەی
منت لێرە
لەسێبەری هەوری خەمدا
بەتەنیایی جێهێشتووە
چاوەکانم
تنۆک تنۆک
ئەشکی خوێنینیان لێ ئەتکێ
لەو رۆژەوەی
بەیەک نیگا
ماڵئاواییت لێکردم و
هەگبەی دڵت پێچایەوە و
بۆ جارێکیش ئاوڕێکت لێم نەدایەوە
شوشەی پەنجەرەی ژورەکەم
هەر رۆژ پارچەیەکی دەشکێ
لەو رۆژەوەی لێرە ونیت
تاڵ تاڵ کەزی شیعرەکانم
لەهەناوی تاریکی شەو دەهۆنمەوە
نەخۆر دەتوانێ بۆ ساتێ
روناکییان پێ ببەخشێ
نەتریفەی مانگەشەوێ
یادەکانت جوان و رۆشن ئەکاتەوە
لەو رۆژەوەی
ئەم هەوارەت جێهێشتووە
بۆ حەسانەوەی ماندوێتیم
نەکزە بایەک هەڵدەکا
نەبارانێ
خەمی دووری و چاوەڕوانیت دەشواتەوە

٢٠٢٤/١١/٢٠