فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شعر

شیعر

قاسم تاباک/ شاعیر /  مەھاباد

هەستە
ئاو و حەبەکانتم هێناوە
ئەستێرە
بە مانگی دەکوت

…………………….
…………………….
شەهیدەکانیان دەناشت
منداڵان
بە قاپۆرەکان
فیتوویان لێدەدا

……………………………..
……………………………..

دوو حەوتوو جارێک
ئاو بۆ داری بن کێلەکە دێنێ
پێم دەڵێ
مردووەکان
ئەوەیان باشە
ون نابن
…………………………….
…………………………….

ئەو شارە دەبێ وێران بێ
تا تۆم
بیرچێتەوە
……………………………..
……………………………..

هات
چایەکی خوارد
ڕۆیشت
لە نێوان
لە دوو ڕێیانێک
ماومەتەوە
………………………..
………………………..

لێوەکانت گوڵیان کردووە
ئەو ساڵ دەبێ
گێلاسی شنۆ
بخۆم
………………………….
………………………….

کەس وەکوو بابم
قەدری خاک نازانێ
کە تامی کرد
نەگەڕاوە
……………………………
……………………………

فوو
لە پایز مەکە
پەپوولە
ئاوارە دەبێ
……………………………
…………………………….

با
نەبوایەی
کەس منی
دەگەڵ خۆی
نەدەبرد
……………………………
……………………………

کرێکارانی شارەوانی
ئاویان
لە ئاوەڕۆ
دەرکرد
………………………..
………………………..

هەناسەم بە
ساردی و
گەرمی
بچێژم
……………………..
……………………..

وەک برووسکە
تێمەپەڕە
ئاور
دەگرم