فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پەیکەری عیشق

پەیكەری عیشق

ھەژار دارستان/ شاعیر،

 

بە دیار پەیكەری تەنیای عیشقەوە
وەك سێبەر نیشتوم بەسەر زەویدا

بێدەسەڵات و دەست و پێ بەندم
وەکو کۆرپەلە لە یەک شەویدا

گریانێکی قوڵ لە گەرووم دایە
ئەڵێی بەستراوە بە ڕەگی گیانم
ئەمەوێ بگریم تا هێزم تیایە
لەناو گەرومدا گیربووە ناتوانم

لەگەڵ هەنسکی ئەم گریانەمدا
هەستەکەم ڕۆحم ئەڕژێتە ژێر پێم

هەستەکەم لەگەڵ دەنگی گریانم
دەنگی شکانی خۆم دێتە بەر گوێم

درۆناکەم گەر بڵێم بەم شەوە
گوێم لە شکانی دڵی ووردبوومە
واهەستەکەم ژییان دەستی بەرداووم
ئەمشەو دوا شەومەو تەمەن کورد بوومە

خەریکە خۆشم ئەبم بە پەیکەر
جەستەم ساردەبێ و دڵم ئەوەستێ
خەریکە ساردی بێڕەحمی ژییان
لەناو جەستەمدا ڕۆحم ئەبەستێ

ھەژار دارستان