دەنگی وشە
ئەحمەد زرار/ شاعیر / ھەولێر
بە شاڵاوی بێدەنگییەک،
دیدەی کزم لە ئاسمان کرد
ویستم بڵێم:
ئێستا کەزیی پێنووسەکان
ئاڵۆزکاو و بە کپێتی شەوگارەوە،
سەر ڕادەخەن
بۆ سەرینی بێدەنگکراو؛
تا بزەیەک لە خۆری شێت،
سەر هەڵنەکا؛ پێ ناگرن!
ویستم بڵێم:
ئێستا قۆڕەی سکی هەوران
دەبارێتە سەر کاژەڵەی ڕووباری تێر،
تاکوتەرا وێڵم بە دوای کەلێنێکی تاریکەوە،
ویستم کەمێک گڕی ڕووناک
چەند تنۆکێک یاخی بکا و
سکی هەوری پێ تێر بکەم!
ویستم بڵێم:
ئەگەر ئێستا کەلی دارێ
لە هێلانە و
گەڵای زەردی ئەویندار و
شۆرەکاتی دڕکەزیان،
کۆترێکی بێزاری بێ و
تاوناتاوێک هەڵفڕێت و
لەسەر سەری بشنێتەوە.
خرێشکەیەک لە دەوریدا
زیت دەوەستێ و
ڕەگ و ڕیشەی دەدا بەدەست
سۆڵەی سڕی زستانێکی تاریکەوە!
ویستم بڵێم: ئێستا چیمەن…
ویستم بڵێم: تەواری خەم…
ویستم بڵێم:
ویستم بڵێم:
ویستم بڵێم:
لەناکاوێ
سەیری ئاسۆی پڕ لە خونچە و
زەریای تەژی لە تەنگەژە و
بگارێکی لێوان لێوان هەنگاوی کوێر،
لاواندمی و لە تۆفانی خەوی خستم