فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیعر

شیعر

شەماڵ ئەحمەد بچکۆڵ/ شاعیر/ سلێمانی

چ سەختە ئەودەمەی
هه ستەکان هه ڵدەفڕن
ئاسمان دەبێتە تۆڕی جاڵجاڵۆکە
پەشیمانی لە ناسینم
یا لە دڵتا دەمێنمەوە
گەر نەشمێنم..!!
دەزانم چاوەڕوانی مەستی کردووی
ساڵانێکە هه ر لە خەمی هاتنەوەمدا
چرکەی تەمەن بۆ ئەم دڵە..
بەڕێدەکەیت..!!
دەتویست خەیاڵەکانت
بۆ هه میشە
لە ژێر ئاسمانی خۆشەویستیدا..
سەما بکا
هه ر پێکەوە
کوخێک
لە ئاوازی عیشق
لە نۆتەی ژیاندا بنوسینەوە..
بمبورە کە ڕاستگۆیانە..!!
تەنیا و تەنیا هه مووشتێکم
بە چرپەو ئاوازێکی حەزینەوە
بە ناڵەی نەی لاوانەوە
هەر بەم ڕیتمە خێرایە
وشەکانم
لە ڕۆحت مارەکرد..
ئێدی
چاوەڕوانی ئەم دڵە لاوازە مەکە..!!
کە ئەزانم و تۆش دەزانی
گەڕانەوە بۆنیشتمان..
بۆ بینین و بۆ جێژوان و
بۆئامێزی پڕ لە میهرو پێکەوە ژیان
لەم دەمەدا و پێشم وایە تا کۆتایی
زۆر مەحاڵە …
ئەم فارگۆنی پڕ لە هه ستەم
پڕ لە خەمە و دەرد و ژانە…
بڕۆ ئازیز دورکەوە لێم
نەبا خەمی ئەم دووریە
خەندەکانت پڕ لە ئاخ و پڕ لەسوێ کا
بڕۆ ئیتر چاوەڕوانی ، هه ر ئازارە..
نەکا پێش من، ئەم ئازارە ..تۆ لەناو با
بڕۆ ماڵێک بۆ ژیانت
لە فرمێسکی ئەم عیشقەمان
بۆ داهاتوت نیشان بکە
مۆمێکی تر بۆ ڕووناکی
لە کەناری دڵێکی تر داگیرسێنە و
ئەوەی ڕۆحم خامۆش بکە..!!
دەزانم کە ئێجگار سەختە
بڕیارێکی زۆر زۆر قورسە
دوای ساڵانێک لێک دابڕان
دەست لێک بەردان
زۆر ئەستەمە
بەڵام ئێدی عومری سپیم
لەنەبوونی ئەم بوونەمدا
ڕێگە نادات
لەم عیشقەدا بتهێڵمەوە..
زۆر مەحاڵە
لە ژێر چەتری خۆشەویستی
دوولێو ، چوار چاو
لەدوورەوە
بۆ ئەبەد یەک بخوێننەوە…
بۆ ئەبەد یەک بنوسنەوە