فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شعر

شیعر

کۆسرەت ئەحمەد/ شاعیر/  هەولێر

لە بەیانییە پڕ لە ڕەهێلە و بارانە
دڵم چۆن دەسوتێ خودایە!
چاوەڕێی بەفرم و لێرە
کڕێوە لە سەودایە،
چەترەکەم هەڵدەکەم،
باران خێراتر دەبارێ
پیاوێک لە پشتمەوە بە چپە
دەدوێ،
کەسێک بە بیانوی کتێب
چاوەکانی تێبڕیوم
دەیەوێت پێمبڵێ:
ئەم ئێوارەیە
پڕە لە شێتی،
ئەستێرە ڕاوی مانگ دەکا
سەرما بە قاقا پێدەکەنێ،
ئاسمان هۆڕ…. هۆر
بۆ لەبارچوونی کۆرپەڵەی
هەور دەگریێ.
گرمەی هەست، چەند ترسناکە خودایە!!
دڵم دەلەرزێ و دەستم لە سەیوانی شەرم گیر کردووە،
ئاوازی نیگەرانی
ترپەم دەشڵەژێنێ.
باران هێشتا ڕەهێڵەیە و
چاوەڕێی بەفرم ئەم ئێوارەیە.
سەدایێک بەقەد دووری نێوانمان
سەمای دابڕان دەکا،
شەو بە دەنگێکی شاعیرانە
یادەوەریم لە کتێبێک دەخوێنێتەوە پڕە لە لاپەڕەی سپی
نە عاشقێک تێیدا هەڵکوڕماوە،
نە خۆشەویستێک بە پریشکی ئەوین
سوتاوە
بەرەبەیانەو چاوەڕێی بەفرم
گڕی ئەم بارانە چۆن داگیرساوە خودایە..
ئاخەر چۆن … چۆن؟!