دێژاڤوو
شێخە ڕەسوڵ/ شاعیر/ ڕانیە
هەمان شەقام؛
هەمان هەنگاو و هەڵوەستە،
هەمان ئێوارەی بێنموود
من دەیان جار ئەوەم دیوە!
هەمان منداڵ باڵۆنەکەی لەدەست دەفڕێ
هەمان پیرەپیاوی ماندوو،
ئومێدێکی لێ دەکەوێ..
چاوی من بۆ تۆ دەگەڕێ؛
بزەی لێوی نازەنینێ دەمخاتەوە بیری خۆم و..
هەمان ورتە:
فایدەی نییە
دڵتەنگیم لێ نابێتەوە!
دەیان جار ئێرەم بینیوە
هەمان ئێوارە و ئاسمان و هەمان هەور
دەستی ڕاستم لە گیرفانی باڵتۆکەمدا و
بیرم لەنێو پیاسەیەکدا ون کردووە..
چاوم هەر بۆ تۆ دەگەڕێ،
هەمان گنجی نێوچاوان و هەمان مۆنی
نیگام دوای کچێک دەکەوێ،
ئاوڕ دەداتەوە و تۆ نی..
هەمان قرچە و هەمان کڵپە و هەمان ورتە:
فایدەی نییە
غەریبیم لێ نابێتەوە!
——-
* دێژاڤوو déjà vu: ناوی ئەو دیاردەیەیە کە لەناکاو وا هەست دەکەی ئەو دۆخەی ئێستات پێشتر بینیوە و تێیدا ژیاوی، بەڵام دەشزانی وا نییە.
*