فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەنجەی شۆخێک

لەنجەی شۆخێک

غالب حەساری/ شاعیر/ کەرکووک

چی بو دیتم بەر چاوم کەوت ئەو شازە
چی بو نواندی ئەو هەموو لەنجەو نازە

چی شۆخێ بو چی نەشمیل و باڵا بەرز
چی دەرکەوتنێ چۆن دڵمی هێنایە لەرز

چی جوانێ بو جوانتر لە کچی کافرۆش
چی کرد دڵەی شەیدامی هێنایە جۆش

چی ناسکێ بو تەڕ وەک گوڵی بەربەیان
چی پەریە بو کەوتە بەر چاوم لە ژیان

چی چاوێ بو چی برژانگ و چی لێوێ
چی باڵا چی ڕوخسار چی سینگ و سێوێ

چی نیگا چی لامل چی لاجانگێ بو
چی پرچێ شەوی چی ڕوومەت مانگێ بو

چی هاتو ڕۆی نازانم چیم بە سەرهات
لە دڵ چەسپا یا دڵ بە دیتنی دەرهات

چی دولبەرێ چی شۆخێ لە پڕ چی بو
چی بو چی زوو دڵ گیرۆدەی پرچی بو

چی داڕێژم چی بێژم دڵی بردم
چیم لەدەسدێ چی سەیرە چی لێکردم

چی بکەم و چی بڵێم و هەرچی بنوسم
چیم پێناکرێ چی هزر و چی پێنوسم

 

24 10 2024