فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە شەڕی ژیاندا بووین بە سوپایەکی دوو کەسی

لە شەڕی ژیاندا
بووین بە سوپایەکی
دوو کەسی
سەروین دەروێش / شاعیر / ھەولێر

خۆشەویستی…
تاکە چەکمان بوو
هێندێک جار
دەبووین بە دووژمن
بەیداغی عەشقمان دەسوتاند
نیشتمانێکمان خاپور دەکرد
کە لەچاوی یەکدی بەدیمان دەکرد

هەردووکمان دەشکاین
من لەسەر لمی
یادەوەریدا دەمنووسیەوە
ئەو… لە کەناری بێباکیدا دەیسڕیمەوە

وەرەوە ئەی گیانی گیانان
با بڵێسەی وشەکانمان
داگیرسێنینەوە
چرای دڵمان هەڵکەین و
قوفڵی ڕۆحمان بکەینەوە

وەرە با نامەکانی عەشقمان ئاشکراکەین
با دیسان چاوی یەکدی بخوێنینەوە

عیشق ئاوایە

لەدوای کەوتن
هەستانەوەیە
لە دووای نقوم بوون
و مردن
ژیانەوەیە

.

شیعر دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت:
بەرد بکات بە دڵ
هەور بکات بە باران
ماچ بکات بە پەپولە
دەست بکات بە باوەش
زەوی بکات بە ڕایەخی دوو دڵدار
شەو بکات بە چراخانی عەشق
بەندی باوەش بە ئازادی
شیعر دەتوانێت
چاوی تۆ بکات بە ئاوێنە
خۆمی تێدا ببنم…
ــــــــــــــــــــــــــ
شێتی کردمی بە شاعیرێکی سوریالی
توانیم ڕابردوو بکەم بە ھەورێکی جوڵاو
بە فووێک دووریخەمەوە
لەدرزێکی دڵمدا،
شتەکان باشتر دەردەکەون لەوەی کە ھەن
بۆ نمونە: تۆ
بوون بە سوریالی وەک ئەوەیە
تاتۆی پیتی یەکەمی ناوی کەسێک
کە ھەرگیز بەدڵییەوە نالکێیت،
لەسەر باسکت بنوسیتەوە

پێویستم بەوەیە
لەگەڵ تۆدا بکەومە پێکەنین..
بمکەیت بە شەپۆلێکی سەرمەست و
توشی لەبیرچوونەوەمکەیت…

پێویستم بەوەیە
شەقازللەیەک بدەم لە ڕوخساری ئەو مردنانەی لەمندان و
پشتە ملی کاتژمێرە ھەڵاتووەکەی ژووری خەوتنم بگرم
چرکەکانی بۆ دەرەوەی زەمەن توڕھەڵدەم.

زبڵدان پڕ بکەم لەو بەڵێنانەی داوومن بە خۆم،
پێویستم بە ڕاچڵەکینە، نەک بەڵێن
لەمێژە لە نێو خەونێکدام ناھێڵێت خەون ببینم
چەخماخەی خورپەیەکم
ناتوانم لە دڵێکدا پشکۆیەک داگرسێنم

بووم بە ھۆزانڤان و
مەلەکان بەرەو پەنجەرەی ئەوینم ھەڵفڕین!
یادەوەری لەگەڵ باڵندەکان دروست ناکرێ…
ئەوان سەر بە ئاسمانێکیترن

دراوێکی سیحرییم گەرەکە،
قەدەرم لە بوون بکڕمەوە.
لەگەڵ تۆدا:مردنێکم …ژیان یەخەم بەرنادا
ژیانێکم… مردن دەمخاتە گومانەوە

 

 

 

 

 

 

 

 

چاوەڕوانیم هیچ هاتنێک شک نابات