فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە یادی کچە بێنازەکەمدا

لەیادی کچە بێنازەکەمدا

 

د.مستەفا زەنگنە/ مامۆستای زانکۆ/ هەولێر

 

تۆ بڵێی باخێکی سووتاو
ئازاری سووتانی بۆ ڕەشەبا بگێڕێتەوە؟
تۆ بڵێی ئێشی دڵ
لە ڕوخساری خەمێکدا دەرکەوێ؟
تۆ بڵێی شەقامێک
توولە ڕێگایەک
ڕێڕەوێک هەبێ
لە هەنگاوەکانی کەسێکی وێڵ تێبگات؟
تۆ بڵێی هیچ ساردییەکی دنیا
بگاتە ساردیی ژیانی باوکێک
کە پارچەیەک لەجەرگی لێکرابێتەوە؟
بڵێی هیچ چاوەنواڕییەک
لەچوانەواڕیی گەڕانەوەی ئازیزێک بە حەسرەتتر بێت؟
بڵێی ژیان لەماڵێکی بێ نوورو
بێ بزەو
بێ هیواییدا، لەخودی مەرگ گرانتر نەبێت
چ لەوەناخۆشترە
تادەمری جارێکی تر گوڵێکی ماڵەکەت نەبینی
گوێت لەقسەو، هەناسەو پێکەنینێکی نەبێت
من ئێستا لەگەڵ خەیاڵدا دەژیم
قسەم بۆ دەکا
بۆم دەبێتە چاو.
خەیاڵ چەن مرۆڤێکی بەوەفایە
دەبێتە کەشتی و دەمگەیەنێتە نێو مەزارەکەی
خەیاڵ چ نیگارکێشێکی دەسڕەنگینە
سێبەرەکەیم لەژووری تەنهاییدا بۆدەکاتە تابلۆ
خەیاڵ چەن تیژە
ههەموو چرکەو..
مناڵی و گەنجی و نەخۆشی و مەرگی
لەمۆتیڤێکی ئیکسیریدا بۆم دەخاتە ڕوو
خەیاڵ چ سیحرێکی سەرابییەو
هەموو ڕاستییەکانم بۆ دەکاتە خەیاڵ
ئەوەتا پێم دەڵێ..
ئەو مردو…
تۆش زیندوویەکی و
تادەمێنی دڵێکی مردوو لەناختدا هەڵدەگری
تۆ دەژیت و چاوەکانت بەفرمێسک ڕادێن
لێوەکانت بە گەستنی حەسرەت و
تێڕوانینەکانت بەرەو یادگاری هەڵدەفڕن
ئاخر گلەیی من لەم خەیاڵە ئەوەیە..
بۆ یەکجاریش بێت نابێتە بەڕاستی
ئاخر، خۆ من هێشتا..
دواسوجدەی نزام لەسەر دەستی ئەو تەواو نەکردبوو
دوا قسەی دڵی خۆم بەگوێی ئەودا نەچرپاندبوو
دواچەپکەگوڵی دەرچوونیم نەخستە کۆشی
دوا وێنەی هیواگەیشتنمان نەگرتبوو
دوا دانیشتنی خێزانیمان
بە ئاورێشمی قسەکانی ئەو نەچنی بوو
دوا هەواڵی مناڵەکانی، بەمن نەگوتبوو
ئێستا …
من ڕێگای ماڵی ئەوم لێ ون بووە
هەر بووکێک دەبینم، وادەزانم ئەوەو،ئەو نییە
هەر کچێک دەبینم وادەزانم ئەوەو ئەو نییە
لەهەموو ناخۆشتر..
ئەو هەموو زەنگی تەلەفۆنەم بۆ دێ و
ژمارەکەی ئەوی تیا نابینم.
ئەوهەمو وەڵامە ئەدەمەوەو، وەڵامێکیان هی ئەو نییە
تۆ گەر خەیاڵێکی بەوەفای
تکایە،بۆجارێک بچۆو پێی بڵێ..
دەزانم ئەو نایەتەوە بۆ لای من
پێی بڵێ خەم نەخوا
بڕوا بکات..
تابکرێ من زووتر دەچمە دیداری.
بەڵام نەکەی پێی بڵێی
ئێستا باوکت..کڵۆڵترین پیری ئەم نیشتمانەیە
نیشتمانێک لەمن باشتر تۆی لەدڵی خۆیدا هەڵگرتووە
با ژیانی بەهەشتیش، بۆ ئەو نەبێتە جێگای خەمی من
خۆ ئەو ئێستا
تاوێک پەپوولەیەکی ڕەنگاوڕەنگەو
تاوێک ڕووبارێکی وەک شیر
تاوێک دەستەکانی هەتاوو
تاوێکیش گوڵە جوانەکەی باوکی