فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

(لە ) کۆدە کراوەکانی جوانناسێک

( لە ) کۆدە کراوەکانى جوانناسێک

موحسین ئاوارە/ شاعیر/ هەولێر

( 1 )
کێ یە وەک ئامبوڵاس لە ئامادەباشى دایە
خەوى هەڵبزرکاوى لە کودیلەى ڕۆحى شەو دایە
شەویشى لە نێو گورگە خەوێکى بە ئاگایە
ناتوانێ بە ئاسایى بژی لەو دنیایە
( کورد )
( 2 )
لێناگەڕێ ئەو پەپولەیە
لێوى بخاتە سەر لێوى گوڵ
داسـەکنێ دوو دڵ
( ڕەشە با )
( 2 )
کە چاوەکان ئاڕاستەى دەکرێن
شـەرم دایدەبـڕێ
هەرمێکانى دەشارێتەوە
دەست بە چاوەکانییەوە دەگرێ
( ڕەز )
( 3
چەند بەخشندەیە
ئەو هەموو ڕوناکییەت پێدەبەخشێ
ڕۆژێ پسولەیەکى بۆ نەناردووى
لە برى رووناکییەکەى
بڵێت ئەوەندە دەکات نرخەکەی
( خۆر )

( 4 )
ئەگەر ( مێشولە )یش خوێنى بمژیـَت
ســاتە و پـڕ دەمــرێت
چونکە خوێنەکەى ژەهـــراویـە
بە نێو زێرابى سەر و دڵیدا گوزەر دەکات
بە ڕق و قین و گرێ یــە
پیلان و تاوانکارى لە هەر کوێدا بێت
دڵە پـڕ لە ژەهـرەکەى لەوێ یــە
( ڕەگەز پەرست )
( 5 )
یەک وشــە هەیــە
ناوەکەى هێندە گەورەیــە
ئەوەتا لە کەشتییەک بار کـراوە
دەریا و کەنارەکان ،
بە باق و بریقى ڕازاوەیـە
دەبــێ ئەو وشــەیــە بە چ ناوێـکەوە بـــێ
کەشتییەکى ئاوا گەورە هەڵیـگرتبـــێ ؟ !
( خۆشەویستى )
( 6 )
بە لامەوە سەیر نییە
لەم شەوە نوتەکە ڕەشداگەڕاوەدا
لەم ئەنگوستەچاوە تاریکستانییەدا
کاتێ چاو هەڵدەبڕێ
نەک هەر چاوى خۆى ئەستێرەیە
ئەستێرەشم بۆ دادەگرێ
( جوانێک )

( 7 )
کە ئەو دەرچوو لە ئارایشگا
پرچ و پەرچەمى تێـکدا
وتى : داواى لێبوردنیشم لێ ناکـا
( ڕەشـە بـا )

( 8 )
دەڕۆیشت ، زیندوو بوو
وەستا ، لە گۆمێکى مەنگدا خنکا
( ئاو )

( 9 )
رووخسار جوان بێ یان پێچەوانەکەى
+دنیا رووناک بێ یان پێچەوانەکەى
کات درەنگ بێ یان زوو
لە لاى ئەو ،
بە یەک پێوەرە و یەک تەرازوو
لـێ ، وتە جوانەکان و ئاوازە بە جۆشەکان
بە گوێچکەکانى دەیبینێ
بە گوێچکەکانى دەیبیسێ
( نا بینایەک )
( 10 )
هەبوو نەبوو .. تۆم هەبوو
کەسم لە تۆ ئاشناتر نەبوو
لە تەک ئاگردانى دڵــدا
حەکایەتى دڵى خۆمى بۆ هەڵڕێژم
تۆش باسى خۆتم بۆ بکەى
گەڕاوم .. گەڕاوم ، دنیا دیدەم
بەڵام ، هەبـوو نەبـوو
کەسێکى وەک تۆى لێ نەبـوو
( تـــۆ )
( 11 )
( بـا ) ڕووتە ڕووت ، سپى .. سادە
وەک شیـرێکى تازە دۆشراوى نێو بادە
نە پشتبەندى خۆ تەقاندنەوەى بەستووە
نە ڕێگاى لە هیچ بونەوەرێک گرتووە
تا ئەو کاتەى جلێکى ڕەش لە بەر دەکـا
نـاودێـــر دەکــرێت بــــــــــــە
( ڕەشــە بــا )
( 12 )
جوانى لـــێ دەڕژێـت ئـەو شــۆخە
وەک ئەو کانییەى ئاوى لە بەر دەڕوا و
خاک دەمى بۆ کردۆتەوە
کەچى لە دوا جاردا ، کــێ یە
دەستە گوڵى لێداوە و گرەوى بردۆتەوە
( جۆگەلە ئاوێک )