لامژە *
ئاسۆی مەلا/ شاعير / ئەمەریکا
دەگەڕێمەوە ؛
بۆ بەرائەتی منداڵی،
هەر کاتێک لە چاوەکانی تۆ دەڕوانم،
ناو لەپم دەبنە مێرگۆکە،
پەنجەکانم گوڵە نێرگز دەگرن،
توندتر دەستەکانم بگوشە،
با هەناسەت بۆنی عەتر بگرێت.
بە ئاستەم لێوت بنێ بە لێومەوە،
دەنگی ماچە لامژەکان
بگەڕینەوە شوێنی خۆی،
بمنووسێنە بە خۆتەوە،
پەناهەندەييم بە گەرمیی ئامێزت بشکێنە.
من چيتر ئاوڕ لە تارماييەکانی ڕابردوو نادەمەوە،
ئێستام زيندوو کەوە،
بوونم لە خۆتا بتوێنەوە
لامژە : بەو کار و بەرخە دەگوترێت بگەنە هەر مەڕ و بزنێک گوانيان دەمژن گوێ نادەنە مەحرەم و نامەحرەم