گریانی ژن
چنار عەلی/ شاعیر / سلێمانی
لەبەردەم ئاوێنە
لەژێر لێفە و
لەباوەشی سەرین ،
یان لەپێش چاوی تەلەفزێون
ڕەنگە هەتا لەژێر دوشی حەمامیشدا .!
کاتی چێشت لێنان ، شۆردنی قاپ و
کاسەی نیوەڕوان
یان ئەو دەمەی ئاوی گوڵەکان دەدات
بەیانیان و
ئێواران
چ لێهاتووانە ڕووی گریانی حەشار دەدات
زەردەخەنە بەڕووی هەمووان دەکات ،
وەک ئەوەی ژیان بۆ هەمیشە لە تەنیشتیەوە بێت.!!!
ژن لەدێڕێک
نامەیەک
هۆنراوەیەک
گۆرانیەک
وێنەک
یان ملپێچێک لەیادەوەری ژیان دەبریسکێنێتەوە
وای کە بێدەنگە فرمێسکی گریانی شەوانی .
لەگەڵ خۆری بەیانی هەمان کاری دایکایەتی خۆی ئەنجام دەدات ،
وەک ئەوەی هەرگیز ئازاری نەچەشتبێت.