ئەفۆریزم_
زانا خەلیل/ شاعیر/ ئەلمانیا
دڵتان پڕکەن لە راستگۆیی؛
تا کاتێ دەدوێن، نوور و هەنگوین
لە زارتانەوە داببارێ.
•
گومان ئاگرە
لە خۆشەویستیی نزیک بێتەوە
دەیسووتێنێ.
•
سڵاو لەوانەی دڵ و عەقڵیان
لەسەر خۆشەویستیی رێککەوتوون.
•
ئازادیی بە تەنیا هەموو شت نییە
بەڵام بە بێ ئازادیی، هیچ شتێ هیچ نییە.
•
تاكە شتێ کە بەهەشت و دۆزەخی
لە خۆیدا کۆکردبێتەوە عەشقە.
•
ئینسان مادەیەکی کۆنە،
تەنیا خۆشەویستی دەتوانێ
نوێی بکاتەوە.
•
هەموو دەڵێن: بارت سوکە..
بەڵام کەس نازانێ
تۆ لە ژێر چ بارێکی گراندای.
•
نووسین و خوێندنەوە بۆ ئەوەیە: مرۆڤ بگەیەنێتە قووڵایی پاکیی و ترۆپکی خۆشەویستیی،
نەک قووڵایی پیسیی و ترۆپکی ناشرینی.
•
پیاو کە عاشقی ژنێک دەبێ،
لە راوچییەوە دەبێتە نێچیر..
•
لە پشت هەموو پیاوێکی مەزن
ژنێک هەیە پێیدەڵێ: تۆ هیچ نیت.
•
دۆزەخی درۆزن، راستگۆییە.
•
میللەتی دواکەوتوو زۆرینەیان
چاویان شەش لەسەر شەشە
کەچی هیچ نابین.
•
مەعریفە زانیاری نییە،
بەڵکو تێگەیشتنە لە زانیاری..
•
هەر کەسێکت دیت زۆری گوت،
دڵنیابە هیچ ناڵێ.
•
ئەگەر دەتەوێ لەززەت لە ژیان
نەبەی هەموو ئەو شتانە بکە
کە بۆ سحەتت باشن.
•
ئەو کەسانە دوو جار دەژین
کە دەتوانن وەک ئێستا
چێژ لە رابردووش ببینن..
•
لە زاکیرەی هەمووماندا
زیندانێک ھەیە
بۆ بیرەوەرییە نھێنییەکانمان.
•
سڕینەوەی ناخۆشییەکانی رابردوو
لە زاکیرەدا، جۆرێکە لە جۆرەکانی ئازادیی.
•
ئەگەر ناشریینەکانی رابردووت
نەنێژی، ئەوان دەتنێژن.
•
جوانترین و گەورەترین
زیندانی دنیا، منداڵەکانتە..
•
ئەگەر تاریکیی دەوری گرتی،
ئەوە بزانە پڕیت لە نوور.
•
هەر وەک چۆن کەسی سووک
لەناو میللەتی گران غەرق دەبێ
هەر ئاواش کەسی گران
لەناو میللەتی سووک غەرق دەبێ.
•
ئەگەر چارت نەما و بڕیارتدا بکوژیت و
ببیتە بکوژ، ئەوە رق و درۆ لە خۆتدا بکوژە،
دەحەسێیتەوە.
•
ژیان پەیژەیەکە
ھیچ کەس ناتوانێ
تەنانەت دوو سەدەشی لێ ببڕێ.
•
هێزی مرۆڤ لەوە دایە بزانێ
کەس تا ئەخیر بەهێز نییە.
•
هەمیشە گاڵتەم بە دوو شت دێ؛
یەکەمیان: مەرگ و
دووەمیشیان: ژیان و مەرگ.
•
تاکە ئازادییەک لە ژیاندا تەنیاییە،
بەڵام ترۆپکی ئازادیی لە مردندایە.
•
مرۆڤ درەختێکە
لەنێو دڵی شەختەدا
هەرچی بکا
دواجار سەرمای مەرگ هەڵیدەوەرێنێ..
•