ماڵی نوێی دڵم
سارا فەقێ خدر/ شاعیر/ سلێمانی
بەدڵی درزبردوەوە چۆن دەژی؟
سەدەیەک بەکاتی خۆم تێپەڕی
دەبێ ئەو گۆزەیە وردکەم و
ماڵێکی نوێی لێ چێ کەم
ماڵێکی پێنج ھۆدەیی
ھۆدەی یەک
ڕووبەرێک لێوانلێو لەسوپاس
بۆ مرۆڤ و بوونەوەر
بۆ شمەک و بۆ سروشت
بۆ ھەموو ئەوانەی بینیومن
ئەوانەش لەئاستیان نابینا!
ھۆدەی دوو
ژووری عیشق
نا ، نابێ
عیشق لە ھۆدەدا جێی نابێتەوە
ڕووبارە ، بەردەوام ڕێ دەکا
ھۆدەی سێ
حەرەمی ئازادی
ئەو ھەموو فیغان و ھاوارە
ئەو ھەموو بێدەنگی و سووتانە پێکەوە؟!
گوتی ئا، ئاسانە
قەدی کە، لوولی کە
ھەرکاتێک تەنیا بووی، بیکەوە
ھۆدەی چوار
وەتاغی ئارامیی
ھەتا چاوپڕدەکا ، سەوزایی
ھەتا دڵ دەخوازێ، باڵندەی کێوی
کچۆڵەیەک لەسەرخۆ
لەنێو گیا، کۆلارە ھەڵدەدا!
ھۆدەی پێنج
ژووری نوور
چراخانێک ناچێتە پانتایی باسەوە
ناخرێتە، نێو ڕستەی سادەوە
لەچاوانی تۆوە تیشک و
لەخۆرەوە ڕووناکی ئەو
ھێند نەرمم ھێند سووکم
دەشێ ببم بە پەشمەک!
٢٠٢٣